ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر دواکەوتنی مووچە داوای روونکردنەوە لە حکومەت دەکرێت

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، داوا لە حکومەت دەکەن لەبارەی داهات و خەرجییەكان پەیامێكی روون بەخەڵك بدەن، هەرچی داهاتی سامانە سرووشتیەکانە بگەڕێنرێتەوە بۆ ژێر دەستی وەزارەتی دارایی. کۆبوونەوەکە بە بایکۆتی سێ ئەندامی گۆڕان و دووانی پارتی بەڕێوەچوو.

 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند " نابێت دابەزینی نرخی نەوت ببێتە بیانوو بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، لەكاتێكدا تائێستا هیچ مووچەیەكی 2020 دابەشنەكراوە".

لە درێژەی قسەکانی، ئازاد محەمەد ئەمین وتیشی" پێویستە حكومەت هۆكاری راستەقینەی دابەشنەكردنی مووچەی ئاشكرابكات كە ماوەی دوو مانگە خەڵك كەرەنتینە كراوەو مووچەش دابەشنەكراوەو داهاتەكانی هەرێمیش روونبكرێتەوەو داهاتی سامانە سروشتیەكانیش بگەڕێنرێتەوە وەزارەتی دارایی". 

سەرۆکی ئەنجومەن دەشڵێت "ئێستا بەرەو كۆتایی مانگی چوار دەڕۆین، بەڵام هیچ مووچەیەكی ساڵی 2020 دابەشنەكراوە، نابێت دابەزینی نرخی نەوت و كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ بكرێتە بەربەست بۆ دابەشنەكردنی مووچە، چونكە بژێوی ژیانی زۆری هاووڵاتیان لەسەر مووچەیە".

ئەوەشی وت: وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زۆرینەی ئەندامان لەگەڵ لامەركەزیەتدان و بابەتێكی گرنگە، بۆیە ئەگەر دۆخی مووچەی فەرمانبەران بەمشێوەیە بڕوات ئەوكاتە چارەسەرێكی باش دەبێت، پێشتریش پرۆژەیەكمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان، چونكە پارێزگاكان دەسەڵاتی دەركردنی بڕیارو رێنماییە هەیە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بەكردنەوەی مەرزە لاوەكییەكان، چونكە جوڵەیەكی زۆری بازرگانی تێدا بووەو بژێوی خەڵكێكی زۆری لەسەر بووە، لەماوەی رابردووشدا لەدەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە، بۆیە پێویستە بەرێنماییە تەندروستیەكان ئەو خاڵە بازرگانییە لاوەكیانەش بكرێنەوە.

 


PM:02:22:23/04/2020