وەزارەتی پەروەردە خوێندنی ئەلیکترۆنی راگەیاند

 

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی بۆ خوێندنی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە هەرێم ڕاگەیاند.

 

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلاتفۆڕمێکی لەژێر ناوی "قوتابخانەی ئەلیکترۆنی" راگەیاند کە پۆرتاڵێک دەبێت و لەڕێگەی وێبسایتی www.ewane.krd قوتابیان دەتوانن سەردانی بکەن ئاماژەی بەوەشکرد  بۆ هەر قوتابییەک کۆدێکی تایبەت دروستکراوە.

 

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند" بۆ هەر قوتابییەک کۆدێکی تایبەت دروستکراوە کە دەتوانێت لەوێوە بابەتی وانەکانی خۆی ببینێت کە لە قوتابخانە خوێندوویەتی و تۆمارکراون، هەروەها مامۆستایانیش ئەکاونتیان بۆ دروستکراوە و دەتوانن لەگەڵ قوتابییەکانیان لە پەیوەندیدا بن".

ئاماژەی بەوە کرد" پرۆسەکە پرۆسەیەکی پاڵپشتیکارە (نائیلزامییە)، تیایدا مامۆستا دەتوانێت لەگەڵ قوتابی لە پەیوەندیدا بێت بەشێوەی گفتوگۆی نووسراو، ڤیدیۆ و دەنگ، هەروەها  وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ زۆربەی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن قسە کراوە بۆئەوەی پۆرتاڵەکە بەشێوەیەکی خۆڕایی (فری) بەردەستبێت، بەشی زۆری کۆمپانیاکانیش ئامادەییان دەربڕیوە ئەو کارە بکەن".

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو: دەزانن کە ئامێرەکان لە هەموو ماڵێک بوونیان نییە، بەڵام "ئامێرەکان لە بەشێکی باش لە ماڵەکان بوونیان هەیە، داواکارین هیچ خانەوادەیەک خۆی نەخاتە ژێر فشاری کڕینی ئامێرە زیرەکەکان، چونکە رۆژانە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 10:00ی شەو لانیکەم 14 وانە لە تەلەڤزیۆنی پەروەردەییەوە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لەسەر سیستەمی کەناڵە ناوخۆییەکان پەخشدەکرێن. 

پۆرتاڵەکە تایبەت دەبێت بە وانەکانی خوێندن لە قۆناخی یەکەمی بنەڕەتی تاوەکو قۆناخی 12ی ئامادەیی، هەروەها بۆ پەیمانگەکانیش، لە پۆرتاڵەکەدا بە چەند شێوەزار و زمانێک وانەکان تۆمارکراون، ئەوانیش شێوەزاری سۆرانی و بادینی، هەروەها بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، تورکمانی و سریانی، هەروەها پرۆژەکە بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی سۆفتماکت و نەورۆز تیلیکۆم دیزاین کراوە و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ وەزارەتی پەروەردە دروستکراوە.



PM:10:59:23/04/2020