بەشیر حەداد سەبارەت بە مووچە روونکردنەوە دەدات

جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق نوسراوێك ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەكات و داوای ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق، ئەو نوسراوەی كە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە 16-4-2020 ، كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردوە و داوای ڕاگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی كردوە كارێكی نایاسایی و مەترسیدارە، چونكە دەست بردنە بۆ بڕینی مووچە و قوتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشیر حەداد، داواشی لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، كە بەزوترین كات دەستپێشخەری بكەن و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرن و ڕاینەگرن، چونكە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دوای گلدانەوەی بەشە نەوتی ڕادەستنەكراو، پێویستە لەسەر حكومەتی فیدراڵ ئەو بەشەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانكە ماوەتەوە بنێرێت، بەتایبەت لەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا، چونكە ئەوە كاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك و پەیوەندیی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت .




AM:12:41:24/04/2020