وەزیری نەوتی عێراق: بەشێك لە دەرماڵەی فەرمانبەران دەبڕرێن

وەزیری نەوتی عێراق سامر غەزبان رایگەیاند" بەشێک لە دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبڕدرێت، لەبەر ئەوەی بەم دۆخەوە حکومەت ناتوانێت مووچە بدات".

 
لە چاوپێکەوتنێ لەگەڵ کەناڵی " ئەلسومەریە" سامر غەزبان رایگەیاند" ئاراستەیەك لەناو حكومەت دروست بووە بۆ كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران".

 
غەزبان كە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشە، ئاشکرای کرد، حكومەت بەم دۆخە ئابوریەوە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارانەدا بكات، ئەگەر رێكاری دیاریكراو نەگرێتەبەر".

 
ناوبراو باس لەوە دەکات، موچەی فەرمانبەران زۆر زیادیكردووە بەهۆی گرێبەست و دامەزراندن و گەڕانەوەی ئەندامانی هێزە ئەمنیەكانەوە.

 
غەزبان ئەوەش دەخاتەڕوو کە موچەی فەرمانبەرانی عێراق لەدووبەش پێكدێت موچەی بنەرەتی و دەرماڵەو، دەڵێت" بەهیچ شێوەیەك دەستكاری موچەی بنەرەتی ناكرێت، ئەوەی هەیە كەمكردنەوەی دەرماڵەی بژێوی و دەرماڵەكانی ترە بەرێژەیەك".


سامر غەزبان، دەشڵێت "ئەنجومەنی وەزیران پێداگرە لەسەر ئامادەكردنی پرۆژەی چاكسازی و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكات".

 


AM:10:46:24/04/2020