سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک پێشوازییەکی گەرم لە رەمەزان دەکات

لوقمان غەفوور

 

بێل دی بیلاسیۆ سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، ئەمڕۆ 24ی نیسان بڕیاریدا 500 ھەزار ژەمی خوارنی حەڵال بۆ موسڵمانانی نیویۆرک بۆ بەربانگ و پارشێو دابینبکات کە لەڕووی داراییەوە ناتوانن خواردنی ئەو رێوڕەسمە ئاینییە دابینبکەن بەھۆی لەدەستدانی هه‌لی کارکردن لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس.

بەپێی ھەواڵێکی زە نیویۆرک تایمز مەزەندە دەکرێت لە ئەمریکا 2 ملیۆن موسڵمان توانای دابینکردنی خۆراکی رەمەزانیان نەبێت، بۆیە ئیدارەی ئه‌مه‌ریكا سەرقاڵی دابینکردنی خۆراکی ئەو مانگەیە بۆ ئەو ژمارەیە تا ئەو ئەرکە ئاینییەیان لەدەست دەرنەچێت.

پارێزگارەکەی نیویۆرک رۆژانە 400 ھەزار ژەمە خۆراک بۆ بەربانگ و پارشێو لە 32 بینای قوتابخانە و بینای وەزارەتی پەروەردە، ئامادە دەکات. ھەر لەو شوێنانەش شوێنی نوێژی بە کۆمەڵیان بۆ دەستەبەرکراوە. ھەروەھا داواشیکردووە 100 ھەزار ژەمە خۆراکیش لە رێگەی رێکخراوە ئیسلامییەکانەوە دابەشکرێت لەمانگی رەمەزاندا.

ھەروەھا نیویۆرک ژەمە خواردنی کۆشێر-ی جولەکەکان دابیندەکات. بۆیە سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک دەڵێت: "ئەمە بەشێکە لەو پرۆگرامەی کە نزیکەی 10 ملیۆن ژەمە خواردنی ئامادەکراوە بۆ ئیسلام و جولەکەکانی نیویۆرک لە 435 شوێنی جیاجیا".

وتیشی: "بڕیامانداوە کرێی ئۆتۆمبێل و تاکسیش بۆ ھەر ھاووڵاتییەک دابینبکەین، کە توانای نییە کرێی بدات بۆ گەیشتن بە شوێنی خواردنگەکە. بۆ تێکڕای پرۆسەکەش 170 ملیۆن دۆلار دابینکراوە".

دی بیلاسۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، رۆژی 23ی نیسان ئاماژەیدا بەوەی کە ئەوان دەزانن کاتێکی ئاستەنگە بۆ موسڵمانەکان سەردانی مزگەوت بکەن و ئێواران لە ماڵەکانیاندا خواردنی گەرم دابینبکەن، ئێمە ئەو ئەرکەیان بۆ جێبەجێدەکەین.

وتیشی: "پێشبینی دەکەین بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و که‌ره‌نتینەوە 475 ھەزار کەس کارکردنیان لەدەست دابێت".

ھەروەھا بۆ رۆژنامەی ھێڵ، بێڵ دی بیلاسیۆ ئاماژەی بەوە داوە لە ھەفتەی یەکەمدا دەردەکەوێت کە ئایا ئەو 500 ھەزار ژەمە خۆراکە کەمە یان باشە،

وتیشی: ئەگەر زانیمان کەمە ئەوە لە تواناماندایە ئەمە بگەیەنینە ٦٠٠ ھەزار ژەم خواردن.

ئەوەشی خستۆتەڕوو بۆ ھێڵ کە نابێت برسێتی بە ھیچ شێوەیەک لەم مانگەدا ھەبێت. لەبەرئەوەی ماوەیەکە بۆ بیرکردنەوە لە رۆح و باشکردنی خود و پراکتیزەکردنی دەمگرتنەوە لە خواردن لە بەرەبەیانێکی زووەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ.



PM:03:16:24/04/2020