قوباد تاڵە‌بانی: ھە‌وڵە‌كان بۆ بە‌دە‌ستھێنانی شایستە‌ داراییە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن

جێگری سە‌رۆكی حكومە‌ت لە‌گە‌ڵ شاندی دانوستانكار كۆبوویەوە و رایگەیاند" ئە‌ولە‌ویە‌تی حكومە‌ت‌ دابینكردنی موچەى موچە خۆرانە و هەموو هەوڵێک بۆ دابینکردنى  بژێوی خە‌ڵك دەدەن".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئە‌مڕۆ یە‌ك شە‌ممە‌ ٢٦ی نیسان، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە تەلاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ ھە‌ولێر، لە‌گە‌ڵ ئەندامانی شاندی دانوستانكاری هەرێم لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق كۆبوویە‌وە‌، لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دواپێشھاتە‌كان و دە‌رئە‌نجامە‌كانی دوایین سە‌ردانی وە‌فدی حكومە‌تی ھە‌رێم بۆ بە‌غدا كرا، هاوکات شاندەكە ئاماژەیان بەوەدا  داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەیەکی زۆر دابەزیوە و کورتهێنانێکی زۆر گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەکانی حکومەتی فێدرالیدا دروست بووە. باسیان لەوەشکرد بەهۆی ئەم کورتهێنانەوە لە بەغدا فشاری سیاسی هەیە بۆ شكستهێنان بە‌ لێكگە‌یشتنی پێشووی ‌نێوان ھە‌رێم و بە‌غداد.

لە‌ کۆبوونەوەکەدا جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایگە‌یاند" ئە‌ولە‌ویە‌تی حکومەت پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و دابینكردنی مووچە‌ی مووچە‌خۆرانە‌، بۆیە‌ ھە‌موو ھە‌وڵێك دە‌دە‌ین و درێژە بە‌ ھە‌وڵە‌كانیشمان دە‌دە‌ین بۆ ئە‌وە‌ی بژێوی خە‌ڵك دابین بكە‌ین و تە‌ندروستییان بپارێزین، هەروەها جەختی كردەوە شكست بە‌و ھە‌وڵانە‌ دەهێنین كە‌ ئامانج لێیان زەوتکردنی ماف و  شایستە‌ داراییە‌كانی ھاوڵاتیانی ھە‌رێمی كوردستانە‌".

قوباد تاڵە‌بانی راشیگەیاند" کە دەبێت بەوپەڕی شەفافیەتەوە بەردەوام لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عیراق".

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا جێگری سە‌رۆكی ئەنجومەنی وە‌زیران بە‌ وە‌فدی دانوستانكاری وت" دە‌بێت بە‌ئاشكرا و بە‌ شێوازێكی شەفافتر زانیارییە‌كان و دواپێشھاتە‌كان بۆ خە‌ڵكی كوردستان ڕوون بکرێتەوە".




PM:01:58:26/04/2020