سەرەتا هاتە سەر حوکم بۆی دەگریان، ئەی ئەگەر بمرێ چی بۆ دەکەن!

لوقمان غەفوور

 

دواھەمین ھەواڵ لەسەر کیم جۆن ئۆن سەرۆکی کوریای باكوور، لە دوورگەیەکی دووره‌دەستی خۆرھەڵاتی کۆریا، لە دوای نەشتەرگەرییەکی قورسی دڵ و خوێنبەرەکانی لە بێھۆشی (غەیبوبە) دایە.

بەپێی چەند گرتەیەکی مانگی دەستکردی تایبەت بە کۆریای باکوور کە لە واشنگتۆن جێگیرە، شەمەندەفەر و 5 ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی کیم جۆن ئۆن لە 21ی نیسان تا 23ی نیسان جووڵەی نەکردووە.

پڕۆژەی چاودێریکردنی 38 نۆرس، رۆژی 25ی نیسان لە ڕێگەی زە نیویۆرک تایمزەوە ئاشکرای کردووە کە شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکانی سەرۆکی کۆریا لە ناوچەی ونسان جووڵەیان نەکردووە.

ھەروەھا گۆڤاری شۆکان جێندای - ژاپۆنی لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە سەرۆکی کوریای باکوور لە دۆخی وەستانی جووڵەدایە و تەنیا دڵی لێدەدات، ئەویش دوای ئەو نەشتەرگەرییەی کە لە 12ی نیسان بۆیان کرد. ھەروەھا بۆ جەختکردنەوە لە ڕاستی ئەم ھەواڵە مانگنامەی (شۆسۆن)-ی کۆریای باشوور جەختی لەوەکردەوە کە کیم لە دۆخی بێھۆشیدایە.

کیم جۆنگ ئۆن سەرکردەیەکی نەوەی سێیەمی خێزانەکەیەتی و دوای کۆچی دوایی باوکی، کیم جۆن ئێل، لە ساڵی 2011ـەوە دەسەڵاتی گرتووه‌تە دەست.

ھەروەھا سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، کە کیم بەدەست ماکەکانی دوای نەشتەرگەرییەوە دەناڵێنێت، وتیشی:"پێدەچێت کیم بەم دۆخەوە بمێنێتەوە کە ئەمە بۆ ئارامی و پێشکەوتنی سیاسی ئەو وڵاتە باش نییە و دەشێت چین دەستوەرداتە ناو کاروباری وڵاتەکەیەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "بە پێی رای گشتی و دەنگۆی نێو کۆریای باکوور، کیم ماوەی 40 ڕۆژ لەچاو وندەبێت، ئەوەش بەھۆی ئەو چارەسەرانەی وەریدەگرێت".

دێڤد ماکسوێل پسپۆر لە کاروباری کۆریای باکوور لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراتییەت بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست نوسیویەتی: "تەنیا ئەوەندە دەزانرێت کە کیم لە دۆخێکی خراپدایە، بۆیە تا لە دەوڵەتەوە ڕانەگەنرێت کەس ناتوانێت جاڕی مردنی بدات، بۆیە شەش ملێۆن و 500 ھەزار خەتی مۆبایل لە کۆریای باکوور کاردەکات، لەبەر ئەوە ھەرچی ڕووبدات بە خێرایی بڵاودەبێتەوە وەك پێشتر نییە".

ماکسوێل دەشڵێت ئەم خێزانە تێکڕا بە نەخۆشی دڵ مردوون، کیم جۆن ئیل-ی باوکی ساڵی 2011 و کیم ئیل سۆنگ-ی باپیری لە 1994. بۆیە ئەمیش ئەگەر ئەو نەشتەرگەرییەی نەکردایە قەڵەویی و فشاری خوێن ئەیکوشت، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە چی روویداوە ئەوە جارێ ئاشکرا نییە.

ھەروەھا لەسەر ھاتنە سەر حوکمی (کیم) و ڕۆیشتنی لەسەر حوکم، سۆنگ یۆنگ لی، پسپۆری کۆریای باکوور لە کۆلێژی فلیچەر بۆ توێژینەوەی دیپلۆماتی لە زانکۆی تافتس بۆ ڕۆژنامەی زە پۆست، وتویەتی: "کاتێک کیم جۆن ئێل مرد، کۆرییەکان لە خۆیان دەدا و دەگریان، ھەروەھا کە کیم جۆن ئۆن-ی کوڕی ھاتەسەر حوکم خەڵکی بێئەوەی فرمێسک بە چاویاندا بێتە خوارەوە، بۆی دەگریان، دەترسم کە مردنی ڕاگەیەنرا خەڵک پێبکەنێت".



PM:03:18:26/04/2020