ئێران گەنجێكی كوردی لە سێدارە دا

لەسێهەمین رۆژی مانگی ڕەمەزاندا حوکمی سێدارەی هاوڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ نیسان، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم سزای سێدارە بەسەر هاووڵاتییەكی خەڵكی "بوڵوانئاوای"ی دێولان بە ناوی "كەیوان ئەڵا مورادی" تەمەن ٢٨ ساڵ، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ كرا.

هاوژینی كەیوان رایگەیاندووە" پێنچ ساڵ لەمەوبەر لە تێكهەڵچوونێكی سەرشەقام، كەسێكی خەڵكی قوروەی بە ناوی "عیماد خالیدیان" كوشتبوو، دواتر دەستبەسەر كرابوو و لە لقی دووی دادگای تاوانەكانی سنە، بە تۆمەتی "كوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێنرابوو".

كەیوان خێزاندار و باوكی كچێكی شەش ساڵە بوو، چوار مانگ لەمەوبەر لە گرتووخانەی قوروەوە گوازرابووەوە بۆ گرتووخانەی سنە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بۆ رێزگرتن لە مانگی رەمەزان، حوكمی سێدارە لەو مانگەدا جێبەجێ نەكراوە، بەڵام داواكاری گشتی شاری سنە بەهۆی ئەو گوشارەی لە ئەنجامی هەڵاتنی بەندكراوانی گرتووخانەی سەقزە لە سەریەتی، سوورە لەسەر جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەی چەند هاووڵاتیی تر لە رۆژانی داهاتوودا.

AM:10:45:27/04/2020