ژمارەیەک چالاکوانی ناوچەی رانیەو زینی وەرتێ و سلێمانی بڕیاربوو دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٩ی نیسان چالاکیەکی جەماوەری ئاشتیخوازانە بۆ کۆتایی هێنان بەو بارگرژیەی لە ناوچەکەدا هەیە، سازبکەن، بەڵام ئاسایش رێگایان نەدا چالاکوانەکانی سلێمانی بگەنە رانیەو گەڕاندیانەوە.
د، شێرکۆ محەمەد ئەمین پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان کە یەكێک بوو لەبەشداربوان، بە " سپی " راگەیاند" پێش ئەوەی بەگەینە رانییە ئاسایشی بازگەی رانیە گەڕاندیانینەوەو رێگایان نەدا چالاکییەکە سازبکەین.
ئەو چالاکوانە وتیشی بڕیار بوو لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی رانیەو ناوچەی وەرتێ لەو دەڤەرە کۆبینەوەو چالاکیەکی جەماوەری ئاشتیخوازانە رێکبخەین بۆ کۆتایی هێنان بەو بارگرژیە، بەڵام ئاسایش رێگای لە چالاکوانەکانی سلێمانی گرت بگەنە زینی وەرتێ.
ئەو ژمارە چالاکوانە پەیامێکیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی..
بەڕێزان، دانیشتوانی سەر بەرزی ناوچەكە و هێز و لایەنە سیاسییەكان
هەموومان هەستیاریی ئەو بارودۆخە دەزانین كە جیهان و سیستمی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، هەموومان ڕیزبەندی و دابەشبوون، هەروەها مەترسییەكانی فراوانخوازی و جێگیركردنی هێز لەم ناوچەیە دەبینین. هەربۆیە ئێمە، لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و یەكێتی گەلی كورددا، لە پێناو پاراستنی دەسكەوتەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی و شكستهێنان بە پیلانی داگیركاراندا، لە پێناو دوور خستنەوەی ئاگری شەڕدا لە ناوچەكە، بۆ پشتیوانی كردن لە داخوازی خەڵكی ئەم ناوچەیە، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خاك و خەڵكی كوردستان، ئەمڕۆ هاتووین پشتیوانی خۆمان بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەردەبڕین كە بەهۆی بۆردومانەكانی داگیركەرانی كوردستان و بەهۆی ئەو بارگرژییانەوە كە درووستبوون، زیانمەندی ڕاستەوخۆن. بێگومان ئەو لەشكركێشی و سەنگەربەندیی و گەلەكۆمەیەی هێز، داگیركاریی لە كوردستان و هەر ئەگەرێكی شەڕ لەم ناوچەیە، مەترسی ڕاستەقینەن بۆ سەر یەكێتی نەتەوەیی بۆ سەر تەواوی گەلی كورد، ئەمە پیلانی داگیركەرانی كوردستانە و دەبێت هەموومان بەهەموو شێوەیە ڕووبەڕووی ببینەوە. بۆ ئاشتی و بۆ شكستهێنان بە پیلانی داگیركەرانی كوردستان، ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازییەكانی ئێوە دووپاتدەگەینەوە، داوا دەكەین كە بۆ دوورخستنەوەی بڵێسەكانی شەڕ لە كوردستان و ناوچەكە، هەموو هێزەكان بگەڕینەوە سنوورەكانی خۆیان، سنوورەكانی پێش سەرهەڵدانی ئەم كێشەی كرۆنایە و هیچ بیانوویەك نەدەن بەدستەوە بۆ ئەوەی ئەو بارگرژییە لەم ناوچەیە بمێنێتەوە و دوژمن بهێنرێتە سەر خاك و گەلی كورد. ئێمە لە بارودۆخێكی ئاوا هەستیار و پڕ لە پێشهات و ئاڵۆزیدا، لە كاتێكدا كە تاكە پشتیوانی ڕاستەقینەی گەلی ئێمە تەنیا چیاكان و تەبایی هێزەكان و یەكێتی نەتەوەیی ئێمەیە، لە كاتێكدا كە جیهان بە هەلومەرجێكی تەواو نوێدا تێدەپەڕێت، داوادەكەین كە یەكێتی نەتەوەیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكان، خۆپاراستنی هەر هێزێك لەوەی كە ببێتە داردەستی بێگانە، یەكخستنی خەباتی نەتەوەیی لە كوردستان، بكەینە ستراتیژ و كارنامەی ڕاستەقینەی هەموومان، چونكە تەنیا ئەمەیە زامنی پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە و كوردستان، تەنیا ئەمەیە زامنی پاراستنی ئێمە لەو بێ متمانەی و سەگەردانییەی كە ئێستا زۆر لە هێزە سیاسییەكانی تێیدا دەژین. ئێمە داواكارین هەموو كێشە و ئاڵۆزییەك بە دانوستانی ڕاستەقینە و ڕێكەوتن، دوور لە هەڕەشە و شەڕ چارەسەر بكرێن. دژ بە داگیركاری و دەسدرێژیی دوژمنانی گەلی كورد، دژ بە بۆردومانی ناوچەكە و لەشكركێشی بۆ باشوری كوردستان بە هەر بیانویەك، هەموومان هاودەنگ و تەبابین و سەروەریی خاكی كوردستان و ئاسایش و سەلامەتی خەڵك بە هێڵی سوور بزانین.
با بەیەك دەنگ و پێكەوە بۆ ئەو ئامانجە، بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕ لە ناوچەكە و دژ بە داگیركاری تێبكۆشین. بژی هێزی گەل و هێزی یەكێتی نەتەوەیی سەرشۆڕی و ڕیسوایی بۆ داگیركارانی كوردستان