ئومێد خۆشناو: باشترین بڕیار کشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان  رایگەیاند" باشترین کار بڕیاری جه‌ماعی و یه‌کڕیزی ته‌واوی لایه‌نه‌کانه‌ و کشانه‌وه‌یه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق و جێهێشتنی به‌غدایه‌".

 

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" دەڵێت" چاوی هەمووان لەسەر گەرمترین هەواڵەكانی بەغدایە، قەدەری ئێمە وایە لەوەتەی بیرمان دێت، هەر شاندەو دەچێتە بەغداو چەند ساڵ جارێك شەڕ، ئاشتی، گفتوگۆ، پیلان و پلان، ڕێكەوتن و پەشیمان بوونە، خیانەت و خەنجەر وەشاندن لە پشتڕا، بۆتە بەشێك لە ژیانمان".

ئاماژەی بەوەشکردووە" لەساڵی ٢٠١٤ لە نێو پڕۆسەیەكی تازەی نان بڕین و دەستبردن بۆ قوتی خەڵكی كوردستانین، ئەمەش تازەترین داهێنانی حوكمڕانانی نوێی بەغدایە، ئەوەی دوێنێ ئەنفالی كردین ئامانجی وابوو نەمانهێڵێ، ئەوەی ئێستاش نانمان دەبڕێ هەر مەبەستیەتی نەمانهێڵێ، بەڵام دوێنێ ماین و بەیانیش هەر دەمێنین".

ئومێد خۆشناو لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دەشڵێت"  كە پرسیار ئەوەیە ئەگەر ڕێكەوتنی ڕابردوو جێبەجێ نەكراو ڕێكەوتنی نوێش نەكرا، چ بكرێ باشە؟ باشترین بژاردە ڕێكەوتنە، بەڵام ئەگەر نەكرا لەو باشتر بڕیاری جەماعی و یەكڕیزی تەواوی لایەنەكانەو كشانەوەیە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و جێهێشتنی بەغدایە لەلایەن سەرۆك كۆمارو جێگری سەرۆك وەزیران و تەواوی وەزیرو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و تێكڕای نوێنەرانی كوردستان هاتنەوەیانە بۆ كوردستان".

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختیكردووەتەوە: كە ئەو دەم لەلایەك هەڵوێستی گشتی هەموو لایەك و تۆخكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزی دەبێ و ئەوەش لای خەڵكی كوردستان پەسندو جێگای ستایشە.

لە کۆتای نوسینەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" لەلایەكیتر هەڵوێست وەرگرتنەو فشارێكیش دەبێ لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و ئایندەی عێراق و پەیامێكیش دەبێ بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت بۆ ئەمریكا".



PM:04:30:30/04/2020