ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی كرێكارانی جیهانە

ساڵانە لە سەرتاسەری وڵاتانی دنیا لە ڕۆژی یەكی ئایار، ڕێوڕەسم و چالاكی ئەنجام دەدرێ و لە وڵاتان ئەو ڕۆژە بە جەژنی كرێكارانی دنیا چەسپێنراوە.

 

ڕۆژنامەی "كریستیان ساینس مۆنیتۆر" لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، كە سەرەتای بیرۆكەی جەژنی كرێكارانی دنیا بۆ ڕۆژی ٢١ی نیسانی ١٨٥٦ دەگەڕێتەوە و بیرۆكەكە لە ئوسترالیاوە سەری هەڵدا، دواتریش گەیشتە ئەمەریكا، یەكەم جار كە یەكی ئایار وەك جەژنی كرێكاران ناسێنرا لە ساڵی ١٨٨٢ی زاینی بوو و لە شاری نیویۆرك كرێكاران ئەو جەژنەیان گێڕا، دواتر بۆنەكە بە وڵاتانی دنیا بڵاو بووەوە و لەو ڕۆژەدا كرێكارە لێزان و كارزانەكانیان خەڵات دەكرد و ڕێزیان لێ دەنان. هۆی دانانی ئەو ڕۆژەش بۆ جەژنی كرێكاران، بۆ ناڕەزایەتی كرێكاران دەگەڕێتەوە بە ئامانجی كەمكردنەوەی سەعاتەكانی كاركردن بۆ هەشت سەعاتی ڕۆژانە.

 

لە یەكی ئایاری ١٨٨٦دا كرێكارانی شیكاگۆ سەرجەمیان وازیان لە كار هێنا و ڕژانە سەر شەقامەكان كە ژمارەیان لە نێوان ٣٥٠ تا ٤٥٠ هەزار كرێكار دەبوو، سوور بوون لەسەر داواكانیان و دروشمی " هەشت سەعات كار، هەشت سەعات پشوودان، هەشت سەعات خەوتن"یان دووپات دەكردەوە، سووربوون و بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵكی زیاتری كۆ دەكردنەوە و لە شارەكانی تریش ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ دەكرد، بەجۆرێك بووە وازهێنانی كرێكاران لە كاركردن، بووە هۆی كاریگەری دانان لەسەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكان، سەرەنجام پارێزگاری شاری شیكاگۆ لەگەڵ كرێكاران كۆ بووەوە و داواكانی لێ وەرگرتن و بەڵێنی دا كە بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت، بەڵام دواتر گردبوونەوەی كرێكارانی جێ هێشت و پۆلیس دەستیان بە جموجۆڵ كرد تا هێز بەكار بهێنن بۆ بڵاوە پێكردنی كرێكارانی خۆپێشاندەر، پۆلیس ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و دواتر لە شیكاگۆ بۆمبێك لە نێو كۆمەڵێك پۆلیس تەقییەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پۆلیس كوژران.

 

ساڵی ١٨٨٩بڕیاردرا ڕۆژی یەكی ئایار بكرێتە ڕۆژی خەباتی كرێكاری، هەرچەندە تا ئێستا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان یاد دەكرێتەوە و لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی و وەك جەژنێك سەیر دەكرێت.

 

هاوکات ژیانی كرێكارانی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخێكی خراپدایە، بەتایبەت كە چەند ساڵێكە قەیرانی دارایی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتووە، لە ئێستاشدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، زۆرترین كاریگەری لەسەر ژیانی كرێكاران هەبووە و كارەكانیانی وەستاندووە.

یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی سەختی ژیانی كرێكارانی هەرێم، هێنانی كرێكاری بیانی و پێدانی كار بە ئەوان لە بەرامبەر كرێیەكی كەمتردا، ئەوەش وایكردووە ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندا بێت.

 

نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی كار و گرەنتیكردنی كرێكاران لە كاتی ڕووداودا خاڵێكی دیكەیە، چونكە كە كرێكاران تووشی ڕووداوێك دەبن، خاوەنكار یان دەزگایەكی حكومەتی نییە كە تێچووی ژیانی خۆی و خێزانی و تێچووی چارەسەری بگرێتە ئەستۆ، تا چاك دەبێتەوە.

 
 
 
 


AM:09:52:01/05/2020