لە پەیامێكدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكارانەوە، سهرۆكى ههرێمى كوردستان ڕاى گهیاند" پشتیوانی لە ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییە ڕەواكانی كرێكاران دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی یادی یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە پەیامێكی ئاڕاستەی سەرجەم كرێكارانی كوردستان كرد و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان دەكەم و پیرۆزباییش لە تێكڕای كرێكارانی عیراق و جیهان بەگشتی دەكەم".
ئاشكراشیدەكات، كرێكارانی كوردستان بازووی ماندوونەناس و كاران و ڕۆڵێكی دیاری بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا دەگێڕن كە هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە. لەم یادە پیرۆزەدا، تەواوی پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دووپات دەكەینەوە.
ڕوونیشیدەكاتەوە، هیوادارین وڵاتەكەمان و جیهان هەرچی زووترە لە قەیران و كێشەكانی دەرهاویشتەی پەتای كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتی كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردووە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە.