پارتی داوا لە سۆران عومەر دەکات داوای لێبورد بکات


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات لە رێگای حیزبەکەی سۆران عومەرەوە داوامان لێکردووە، یان بەڵگەکان لەسەر تۆمەتبارکردنی سەرۆکی حکومەت دەربخات، یان داوای لێبوردن بکات، بەڵام ئامادە نەبووە هیچیان بکات.


پەرلەمانتار ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەرێگای روونکردنەوەیەکەوە بۆ رای گشتی دەڵێت " بە پێویستی دەزانم ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی و پەرلەمانتاران وهەوادارانی بەڕێزی کۆمەڵی ئیسلامی بخەمەڕوو، دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێک تۆمەت و زانیاریی هەڵبەستراوی لەبارەی سەرۆکی حکوومەتەوە بڵاو کردەوە، جیا لە رێکارە یاساییەکان، لە پێناو رێزگرتن لە پەیوەندیی دووقۆڵی و ڕەواندنەوەی هەر هەڵە تێگەیشتنێک، سەرکردایەتی پارتی پەیوەندی بە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیەوە کردووە و داویان لێ کراوە کە ئەو پەرلەمانتارە هان بدەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی باسی کردوون یان بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنی یاسایی بکات، یاخود ئەگەر بەڵگەی نییە با داوای لێبووردن بکات".



سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت "دیارە دوای ئەوەی لەلایەن سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی قسە لەگەڵ ناوبراو کراوە، نە ئامادە بووە هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، نە ئامادەشە داوای لێبوورد نبکات، بۆیە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی سەرکردایەتیی پارتییان داوەتەوە و گوتوویانە ئێوە ئازادن رێکاری یاسایی بگرنە بەر".



لە بارەی کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەی ئەمڕۆی سۆران عومەرەوە، ئومێد خۆشناو، دەڵێ "ئەمڕۆش جارێکی دیکە سۆران عومەر کۆمەڵێ تۆمەت و زانیاریی فابریکەکراوی بڵاو کردووەتەوە، دیسان دووپاتی دەکەینەوە ئەگەر ناوبراو دڵنیایە و دەتوانێ ئەو زانیارییانە بسەلمێنێت با بێت بەڵگەکانی بۆ لایەنی یاسایی بخاتە ڕوو، گەرنا با وەڵامدەری یاسا بێت".
 


AM:12:30:06/05/2020