وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچە و بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە مووچەی دوو وەزارەت دابەشبکرێت.
بەپێی خشتەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠، مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی دابەشبکرێت، هاوکات هەفتەی داهاتووش دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت بۆ وەزارەتەکانی تر.
تا ئێستا تەنها وەزارەتی تەندروستی و پێشمەرگە مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیان وەرگرتووە و حكومەتیش ڕایگەیاند" بە پێی توانای دارایی مووچە دابەش دەكات".
مووچەخۆرانی هەرێم پێویستیان بە ٨٩٤ ملیار دینارە، لەو بڕە ٤٥٣ ملیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم کە دەکاتە لە ٥١%، بڕەکەی تر حکومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت ئامادەی دەکات، پێشبینی دەکرێت حکومەتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە رووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بەرچاو بێتەوە.