حەوت نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بە کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق نەدا و دەڵێن" چونکە ئەم کابینەیە و سەرۆکەکەی بە فەرمی ھیچ گەرەنتییەكی نەداوە کە کێشەی بودجە و موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێم چارەسەر بکات و ھیچیتر مافە داراییەکانی ھەرێم و خەڵکەکەی ناکاتە بەشێك لە ململانێی سیاسی لە نێوان ھەولێر و بەغداد".
هەریەکە لە رابون مەعروف، هۆشیار عەبدوڵا، سەرکەوت شەمسەدین، کاوە محەمەد، سروە ونس عمر، غالب محمد عەلی، یسری رجب کمر ئەندام پەرلەمانتاری کورد لە بەغداد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئێمە، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە پشتیوانی تێپەڕاندنی کابینە حکومیەکەی مصطفی كاظمى نین:
یەکەم: ئەم کابینەیە و سەرۆکەکەی بە فەرمی ھیچ گەرەنتییەكی نەداوە کە کێشەی بودجە و موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێم چارەسەر دەکات و ھیچیتر مافە داراییەکانی ھەرێم و خەڵکەکەی ناکاتە بەشێك لە ململانێی سیاسی لە نێوان ھەولێر و بەغداد.
دوەم: بۆ جارێکیتر، کێشەی کەرکوك و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و بنەماکانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ھەرێم و حکومەتی ئیتیحادی، کرایەوە قوربانی پشکی وەزاری لە حکومەتی تازە.
سێھەم: ستافی سەرۆک وەزیری راسپێدراو تەنیا بۆ پێدانی پۆستی وەزاری گفتوگۆی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کردوە، کەئەوە کاری لە پێشینەی ئێمە نیە، ئێمە خاوەنی دیدی سیاسیی نیشتیمانی جیاوازی خۆمانین. پارتی و یەکێتیش وەك خوی ھەمیشەیی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستانیان کردوە بە قوربانی بەرژەوەندییە حیزبییە بچوکەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێن" کە لە ھەر ئەنجام و لێکەوتەیەك لە رێگەی تێپەڕاندنی ئەم حکومەتەوە، کە کاریگەری خراپ بکاتە سەر ئایندەی ھەرێم و ژیانی خەڵکەکەی، بەرپرسیار نین و بەرپرسیاری لێکەوتەی ئەوتۆ دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەی کە پشتیوانیی تێپەراندن و پێکێهێنانی ئەم کابینەیان دەکەن".