فراکسیۆنی یەکێتی بە ڕاگەیەندراوێک وەڵامی هێمن هەورامی دایەوە

فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وه‌ڵامێكی توند هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ھێرشی ناڕەوای کردبووه‌ سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی وتەکانی هێمن هەورامی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند" بە داخەوە ئەمڕۆ ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانی بەرگری حزبی لە خۆی داماڵێت و باشتر دەزانێت ئەوەی ئەمڕۆ کرا بەتەنھا گەمەیەکی ناشرین بوو لەژێرناوی سەروەری یاسادا".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" نمایشەکەی بەجۆرێک پڕ هەڵەی سیاسی و مەنهەجی بوو ، ھەرگیز  لە ئاستی جێگری سەرۆک پەرلەمان نەبوو بێ موناسەبە، بە پاساوی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئامادەکراو لەلایەن خۆیەوە، ھێرشی نارەوای کردە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تۆمەتی بێ بنەماو بێ ئەرزشی دایەپاڵی".

 

 دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی:

راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان 

بەداخەوە ئەمڕۆ ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، كە بۆ پاساو هێنانەوەی شانۆگەریەکەی ئەمڕۆی ئەنجامیدا، نەک نەیتوانی بەرگی حیزبی لەخۆی داماڵێت، بەڵکو نمایشەکەی بەجۆرێک پڕ هەڵەی سیاسی و مەنهەجی بوو ، ھەرگیز  لە ئاستی جێگری سەرۆک پەرلەمان نەبوو ، لەو چوارچێوەیەدا بێ موناسەبە، بە پاساوی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئامادەکراو لەلایەن خۆیەوە، ھێرشی نارەوای کردە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تۆمەتی بێ بنەماو بێ ئەرزشی دایەپاڵی.

بۆیە بۆ هێمن هەورامی (ئەندامی سەرکردایەتی پارتی) باشتر بوو بێدەنگی ھەڵبژێریت یان ھەوڵبدات پاساو بۆ ئەو نمایشە ساختە و ناوەڕۆک بەتاڵەی ئەمڕۆی بھێنێتەوە ،کە لەژێر ناوی جێ بەجێکردنی یاسا ،بووە هۆکاری دردۆنگی و تێکدانی سازان و یەکریزی نیشتمانی و ناشرین کردنی دامەزراوەی پەرلەمان.

بۆ ھەورامی و بەرژەوەندی حزبەکەشی چاکتر بوو لاپەرەکانی مێژوو ھەڵنەداتەوە ، چونکە ئەگەر باس لە دۆسێی چاوساغی و لەشکر کێشی و خیانەت بەرامبەر ھێزە کوردستانیەکان بکەین بەدڵنیایی ئەو  لەھەموو کەس باشتر دەزانێت کە لەو بابەتەدا کێ  شەرمەزاری مێژووە و لە ئێستاشدا بەردەوامە، خەلکی کوردستان باش ئەوانە دەناسن کە لە دەستکێشکردنی بێگانە و لە بواری پێدانی زانیاری بەدوژمن و ڕاوەدونان و دەستگیرکردنی کوردستانیان پسپۆرن و چاوساغی بۆ فرۆکە جەنگیەکانی بێگانە و دەستکێشی کردنی لەشکری بێگانە بۆ داگیرکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان پیشەی ڕۆژانەیانە. ئەوانە ناسراون کە گەمارۆ و خەندەق بە چواردەوری رۆژئاوا لێدەدەن و ھاوکاری و چاوساغی بۆ سوپای بێگانە دەکەن.

ھێمن ھەورامی باشتر دەزانێت ئەوەی ئەمڕۆ کرا بەتەنھا گەمەیەکی ناشرین نەبوو لەژێرناوی  سەروەری یاسا بەڵکو ھستریای سەرکەوتنێکی ساختە بو و غەدرێکیش بوو لە پێکھاتەکانی کوردستان کرا بۆ تێکدانی یەکریزی و ناشرین کردنی پرۆسەی حوکمرانی بەکارھێنران و کرانە بەشێک لەگەمەی سیاسی. ئێمە داوا لەسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی پارتی دەکەین بەوردی گوێ لە وتەکانی ھێمن ھەورامی بگرن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی سیاسی نوێنەری حیزبەکەیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن کە نوێنەرایەتی بەخەڵکی دەرون پڕ لەقین ناکرێت، هەرچەندە بڕوای خۆمان وایە کە ئەم قسانە بە مەبەستی تێکدانی زەمینەی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی یەکێتی و پارتی کردووە نەک لە نائاگاییەوە. 

لەکۆتاییدا دەمانەوێت بزانێت کە بۆ ئەو نەهاتوە قسە لەسەر پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزو لایەنەکانی تری کوردستان بکات . 

لێرەوە جارێکیتر دڵنیاتان دەکەین بەدروستکردنی قەیرانی دەستکرد و ھەڵای راگەیاندن و بابەتی لابەلا زەرەیەک ئێمە لە پشتیوانی و داکۆکی کردن لەسەر مافەکانی ھاوڵاتیان و باوەڕە چەسپاوەکانمان کەم ناکاتەوە. 

فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان      ٧-٥-٢٠٢٠


 


PM:09:22:07/05/2020