بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانە ڕایدەگەیەنێت" ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە دەگوترێ گەشتەكان ئاسایی كراونەتەوە و لەو بارەیەشەوە هیچ رێنماییەکمان پێنەگەیشتووە".
 
تاھیر عەبدوڵا قادر ، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەوەی دەبینرێت كۆمەڵێك كۆمپانیای بیانی کە لقیان لە ھەرێمی كوردستان ھەیە بلیتی گەشتكردن بە گرانتر دەفرۆشن بەو كەسانەی لە ئەوروپا و ھەر وڵاتێكی دیكە گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە كوردستان و بە پێچەوانەوە . داوا دەکات هاوڵاتیان خۆیان بەدووربگرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە".
 
وتیشی" تاوەكو ئێستا ھیچ رێنماییەکمان بۆ دەستپێكردنەوە و ئاساییکردنەوەی گەشتی فڕۆكەی گەشتیاری بەدەست نەگەیشتووە وە وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێمان باشە ئەو گەشتانە ئەنجام بدرێت بەڵام بە مەرجێک نرخی تکتەکان لەگەڵ توانای دارایی ھاوڵاتیان بگونجێت و لەژێر چاودێری و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عیراقی تاوەکو ٢٢ـی ئەم مانگە سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەی گەشتیاری لە تەوای فڕۆکەخانەکانی عیراق هەڵپەسێردراوە.

 
بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تایبەت بە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایر‌ۆسی كۆرۆنا، بوو لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی دەرچووە و تەنھا ڕێگە بە گەشتی فڕۆکەکانی مانگی سوور، سەربازی، یارمەتییە تەندروستییەکان و فریاگوزارییەکان و کارگـــۆ دەدرێت .



AM:09:41:09/05/2020