هاوڵاتیەكی خەڵكی بانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

هاوڵاتییەكی خەڵكی بانە بە تۆمەتی هاوكاری یەكێك لە حیزبە كوردستانییەكانی دژبەری ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا. 

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" سامان کەریمی کوڕی محەمەد ساڵح، خەڵکی بانە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەیدی بە تۆمەتی (هاوکاری و ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) حوکمی سێدارە و ١٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە".

ڕاشیگەیاندووە" ئەم هاووڵاتییە کوردە لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە، ناڕەزایەتی خۆی بە نیسبەت ئەو حوکمە سەپێندراوە دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بە مەبەستی پێداچوونەوە نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە".

سامان پاش هێرش بۆ سەر پایەگای هێزەکانی حکومەت لە گوندی زەرواو سەر بە بانە لە (١٠ی مانگی ئایاری ٢٠١٨) دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە ڕاگیراوە، لەكاتێكدا هەڵۆکانی زاگرۆس، كە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرتبوو.



PM:08:47:10/05/2020