هاووڵاتییەکی کەم ئەندامی کورد ٢١ ساڵ زیندانیی دەکرێت

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣٦ ساڵ زیندانییکردنی بەسەر دوو برای کورددا سەپاند، کە یەکێکیان کەمئەندامە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە.

ئەمڕۆ دوو شەممە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرایکرد" ئەکبەر و رەسوڵ رەشیدیی ٣٣ ساڵ و ٣٥ ساڵ، دوو برای کوردی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی شاری ئورمییە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمییە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"ەوە سەرجەم حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانیان بۆ بەسەردا سەپێندرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە" رۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١٩ ژوئن ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران ئەکبەر رەشیدییان دەستبەسەر کرد و پاش ٤٨ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ ( ٧ی سێپتامبر) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان ڕاگوێزرا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی قورسی کەمئەندامیی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران کەمئەندامی لەئەندازەبەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی دوو قاچ و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.

ئەکبەر ڕەشیدیی مانگی رێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە پێنج ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکوم کراوە.

ناوبراو کە توانایی خوێندنەوە و نووسینی نییە، لە ماوەی ڕاگیران لە ئیدارەی ئیئتلاعات ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و هەروەها لە قۆناغی لێپرسینەوە و دادگایی‌کرانییدا هەموو ئەو مافانەی کە یاسای ئێران بۆ کەمئەندامان و هەروەها ئەو مافانەش کە بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی کەمئەندامان پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٦ کە ئێران یەکێک لە ئەندامانییەتیی لێ زەوت کراوە. هەروەها ئیدارەی گشتیی پزیشکی یاسایی ئورمییە دوو جار داواکاریی ناوبراوی بۆ جێبەجێ‌نەبوونی ئەو حوکمە داسەپاوە رەت کردووەتەوە وتوویانە کە توانایی ئەوەی هەیە لە بەندیخانە بمێنیتەوە.

رێکخراوی هەنگاو راشیگەیاندووە" رەسوڵ رەشیدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و برای ئەکبەر ڕۆژی پێنج‌ شەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١ آگوست ٢٠١٩) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە رێکوتی ١٦ی خەرمانان هاوڕێ لەگەڵ براکەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە ڕاگوێزراوە".

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کرێکاری بیناسازی و کرێنشین و باوکی منداڵێکە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

PM:11:34:11/05/2020