فازڵ میرانی بۆ یەکێتی: پارتی هیچ باڵ و گروپێكی نییه‌ و هه‌مومان یه‌كین

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دەداتەوە و دەڵێت" پارتی هیچ باڵ و گروپێكی نییه‌ و هه‌موومان یه‌كین و ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆكیشمان هه‌یه‌ ئه‌ویش مەسعود بارزانییە".

 

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئەمڕۆ لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ئاکرێ ڕایگەیاند" پارتی هیچ باڵ و گروپێكی نییه‌ و هه‌مومان یه‌كین و ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆكیشمان هه‌یه‌ ئه‌ویش مەسعود بارزانییە، ئەو پارتانەی باڵیان هەیە، لە خۆیانەوە تەماشای ئەوانی دیکە دەکەن و پێیان وایە هەموو پارتێک باڵی هەیە".

 

فازڵ میرانی‌ وتیشی" كه‌س له‌ ئێمه‌ باڵی پێوه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر باڵیان هه‌بووایه‌ ئێسته‌ فڕیبوون وه‌ك خه‌ڵكێكی تر، سوپاس بۆ خودا نه‌ باڵمان هه‌یه‌ نه‌ ده‌فڕین. ئێمه‌ له‌ناو خۆماندا یه‌كین و یه‌ك سه‌ركردایه‌تی و یه‌ك به‌رنامه‌ و یه‌ك ستراتیجمان هه‌یه‌، خه‌ڵكیش ئازاده‌ بۆ خۆی چ ده‌ڵێت با بیڵێت، مه‌سه‌له‌یه‌كی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت (له‌لای دز وایه‌ هه‌موو كه‌سێك دزه‌)، هه‌موو كه‌سێك دز نییه‌ و هه‌موو حزبێكیش باڵی تێدا نییه‌، له‌ناو هه‌ندێك حزبیش باڵباڵێن هه‌یه‌".

 

لەبارەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی میرانی ئاماژەی بەوەشکرد" لە رابردو ساردی نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی دۆخی سیاسی ناو یەکێتی بو، ئێستا کە ئەو پارتە سەرکردایەتی نوێی هەڵبژاردوە، رێڕەوێکی نوێی هەیە، ئەو رێڕەوە دەبێت هاوشێوەی مام جەلال مامەڵە لەگەڵ پارتی بکات".

 

ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق کرد و وتی" نێچیرڤان بارزانی وەکو جێگری سەرۆکی پارتی و د. بەرهەم وەکو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بێ گومان کاریگەریان لەسەر پارتەکانیان دەبێت".

 

ئەو وتانەی فازڵ میرانی لەکاتێکدایە فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو" تێڕوانینی ئێمه‌ وایه‌ ئێستا پارتی بوەته‌ دو باڵ هه‌مو جارێك كه‌ باسیشیان ده‌كه‌ین ده‌ڵێین ئه‌وان وه‌ك ئێمه‌یان لێهاتوه،‌ پێش كۆنگره‌ی چواره‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ناو ئه‌واندا هه‌یه‌ ئێمه‌ توانیمان له‌ كۆنگره‌ی چواره‌مدا چاره‌سه‌رییان بكه‌ین، به‌ڵام نه‌خۆشیه‌كه‌ی پێشتری ئێمه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو پارتی".

 

 
 
 


PM:04:46:12/05/2020