وادەی دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە هەرێم دیاری كرا

رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێم رایدەگەیەنێت" لە ناوەڕاستی ساڵی (2021) یەکەم دادگاییکردنی کەیسى تیرۆریستانى داعش بەڕێوەدەچێت، ئاشکراشی دەکات ھەرێمی کوردستان رۆڵی دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانییان لە رێگای ئەنجامدانی دادگاییکردنێکی عادیلانە".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند" سەدان بەڵگە بۆ دۆسیەی ئێزیدییەكان ئامادە كراون، تا ئێستە دوو هەزار و 600 كەیسی رفێنراوانی ئێزیدی، كریستیان، شەبەك و توركمان تەواو بوون، زیاتر لە سێ‌ هەزار كەیسیش لە لێكۆڵینەوەدان، لە رووی دەروونییەوە هەزار و 178 ژن لە سەنتەری راوێژكاری پارێزگای دهۆك چارەسەر كراون".

 

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە" ئەو بەڵگانەی لە دەسەڵاتی داعش دەستیان كەوتووە، دیكیۆمێنت كراون و تا ئێستە زانیاری لەبارەی دەیان هەزار كەیس كۆ كراوەتەوە كە دەكاتە زیاتر لە 14.5 تیرابایت، هەروەها تیمەكان بڕی 960 هەزار دۆلاری ئەمەریكی تەرخان كردووە بۆ دابینكردنی كەلوپەل و مەشقكردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ كاركردن، هەروەها بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی كاری لێكۆڵینەوەی تیمەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ بكات".

 

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی لەوەش كردووە، تیمەكانی تایبەت پرۆگرامێكی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەكات بۆ دادگا، چونكە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێكۆڵینەوەكان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگاییكردنیشدا ئامادە دەبن، كە بڕیار وایە یەكەم دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

 

ڕاشیگەیاندووە" چەند دادوەرێكمان پێشنیار كرد كە بۆ ماوەیەك راستەوخۆ كاریان لەسەر ئەو كەیسانە كردووە و شارەزاییەكی زۆریان هەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی كەسوكاری قوربانیان و قەرەبووكردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەكی عادیلانە".

 

 

 
 
 
 



PM:04:36:13/05/2020