نێچیرڤان بارزانی: هەرێم پشتیوانی حكومەتەكەی كازمی دەكات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و كونسوڵى ئه‌مریكا لە هەولێر کۆبونەوە و پرسى دیالۆگى ستراتیژیى ئه‌مریكىـ عێراقى و ئاماده‌یى و رۆڵى هه‌رێمى كوردستانیان له‌و دیالۆگه‌دا تاوتوێ كرد و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور، خسته‌ به‌ر باس.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٠ لە هەولێر لە دیدارێكدا لەگەڵ ستیڤن فەیگن، كونسولی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتگیری هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئابووری لە عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەرك و تەحەدییەكانی بەردەم حكومەتی تازەی عیراق، هەروەها پرسی دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكی ـ عیراقی و ئامادەیی و ڕۆڵی هەرێمی كوردستانیان لەو دیالۆگەدا تاوتوێ كرد و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان لەسەر بنەمای دەستوور، خستە بەر باس.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پاراستنی تەبایی و یەكڕیزی و پێكەوەكاركردن و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ ئەوەی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەك بتوانرێت سەختییەكانی ئەم قۆناغە لە كێشە و قەیرانەكانی دارایی و ئابووری و لێكەوتەكانی دیكەی پەتای كۆرۆنا تێپەڕێنێت، دووپاتیشی كردەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەم پێناوەدا لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت.

دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە تیایدا كونسولی ئەمەریكا دەستخۆشی لە هەوڵ و ڕێكاره سەركەوتووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە كرد و هاوكاری و پشتگیریی ئەمریكای لەمبارەیەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جموجووڵ و مەترسییەكانی داعش و پێویستی و گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەروها باس لە دۆخی سوریا كرا و كونسولی گشتیی ئەمەریكا سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ یەكڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەنە كوردییەكانی سوریادا كرد.



PM:04:41:13/05/2020