تەندروستی سلێمانی لەبارەی تووشبووەکەی دوێنێ ڕوونکردنەوە دەدات

دوای ئەوەی دوێنێ پێنج شەممە  كەسێكی بە تەمەن لە شاری سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوو، تەندروستی شارەكە دەڵێت" پشكنین بۆ بەركەوتووەكانی ئەو كەسە دەكەین".

 

هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند" تائێستا سەرچاوەی تووشبوونی ئەو پیاوە بە كۆرۆنا نادیارە و ئەوەش كێشەی بۆ تەندروستی دروستكردووە تا بتوانن سەرچاوەكە بدۆزنەوە، هەروەها ئەو پیاوە كاسبكارە و سەرپەرشتی چەند نانەواخانەیەك دەكات و چۆتە چەندین شوێنی دیكەش".

 

وتیشی" جگە لەوە لەدوێنێوە پشكنین بۆ كەسوكاری كراوە، بۆیە مەترسی زۆریان هەیە ئەم تووشبووە خەڵكی  دیكەی تووش كردبێت و پشكنینەكانیش لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری داهاتوو دەردەچن".

 

هاوکات ناوبراو هۆشداریشدا لەوەی كە جەژنی رەمەزان بەڕێوەیە و پێویستە هاوڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان بپارێزن.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان تووشبوویەكی نوێی كۆرۆنای لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند كە پیاوێكی تەمەن ٥٠ ساڵە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.

 
 
 


PM:01:43:14/05/2020