ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. ژمارەیەک کۆڵبەر بەدەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون

بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، شەش کۆڵبەرى کورد لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان کوژران و برینداربوون.

 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٠ کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شنۆ لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری کەوتووەتە ناو رووباری گادەر و گیانی لە دەستداوە، ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٢٥ ساڵە و ناوی "ئارام مەولوودی"، خێزاندار بووە و تەرمەکەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە.

 

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە" لەلایەکی دیکەوە، دوێنی هەینی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە ملەی تەتەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون".

 
دەشڵێت" رۆژى چوارشەممەى رابردوو هێزە چەکدارەکانی جێگیرلە بەرزاییەانی گوندی مادلووی چالدێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانى ”مەناف حەسەن زادە“، ”بێهزاد ڕەمەزانی“ و ”ڕەزا سەرشیری“ برینداربوون".

 

 

 

 



PM:01:37:16/05/2020