زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک دەستگیرکران
ناڕەزایەتی لیست و پەرلەمانتارەکانی کوردستان بەرفراوان دەبێت

بەپێی لێدوانی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ، حەمدی بەرواری ١٠٠ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، لەنێویاندا میدیاکارو چالاکوان و مامۆستاو فەرمانەبرو ئەندامی یەکگرتوو و حیزبی زەحمەتکێشان و هاوپەیمانی  لە نێو گیراوەکاندایە، بەرامبەر هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لیستە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق بە توندی ئەو پێشێلکاریانە مەحکوم دەکەن.

 
تۆڕی راگەیاندنی یەکگرتوو لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ٦ رۆژنامەنووسیان دەستگیرکراوە، هەروها دەیان مامۆستاو فەرمانبەر تەنها لەپێناو وەرگرتنی مووچەی چەند مانگێکی خۆیاندا کە مافێکی رەوای خۆیانە دەستگیرکراون، هەڵسوکەتی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە خۆپیشاندەران لەلایەن لسیتە جیاجیاکان و پەرلەمانتاران لەسەر ئاستێکی فراوان مەحکوم کرا.

 
لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەدا هەر سێ پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، کاوە محەمەد و د. غالب محەمەد و سەرکەوت  شەمس لە دوو بەیاننەمەی جیاوازدا ئەو رەفتارەی هێزە ئەمنییەکانیان مەحکوم کرد، هەروەها عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەرۆکی لیستی یەکگرتوو د. شێرکۆ جەودەت جەخت لەسەر مافی خۆپیشاندان دەکەنەوەو بەتوندی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان مەحکوم دەکەن.


ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و یەکگرتوو بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کردو پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپات کردەوە.
مەحکومکردنی ئەم رەفتارانەی هێزە ئەمنییەکان لە میدیاکانی کوردستان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر و چالاکوانی مدەنی سات بەسات فراوانتر دەبێت.

 


PM:11:08:16/05/2020