بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و شەڕ لەناو بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پێشمەرگەیەک کوژرا و کەسێکی تریش برینداربوو.
کۆمەڵەی زاحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست "سپی" کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە" شەوی رابردوو کاتژمێر ٩:٠٠ دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێو بارەگایەکی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە هەڵگورد روویدا، لە ئاکامدا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەكە کوژرا و پێشمەرگەیەكی دیکەش برینداربوو".
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
راگەیاندنی ستادی نیزامی کۆمەڵە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ھاوڕێیەکی پێشمەرگە لەبناری ھەڵگورد
بە داخێکی گرانەوە ڕایدەگەیەنین کە سەعاتی ٩ شەوی ڕابردوو بەھۆی دەمەقاڵەیەک، تەقەکردن لە نێوان ھاوڕێیانی پێشمەرگە لە بناری ھەڵگورد دروست دەبێت کە بەوھۆیەوە ھاوڕێیەکمان بە ناوی ئاروین ئەسڵانی گیانی لە دەست دەدا و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار دەبێ کە برینەکەی سوکە. لە ئێستادا دۆخەکە کۆنترۆل و ھێور کراوەتەوە و تەرمی ھاوڕێ ئاروین ھاتەوە بارەگای سەرەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ئەسپەردە کرا.
ھاوڕێیانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردتر لە ڕوداوەکەن. پێویستە بڵێین لە دوێنێشەوەوە دۆستان و ھاوڕێیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە ھەموو شێوەیەک پەیوەندییان پێوەکردوین و ھاوسۆزییان دەربڕیوە، لێرەوە سپاسی ھەموویان دەکەین. ھەر زانیاریەکی نوێ بە ئاگاداری گشتیی دەگەیەنین.
ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧. ٢. ١٣٩٩