دۆخی پارێزگای سلێمانی لە رووی کۆرۆناوە خراپە، ژمارەکان لە هەڵکشاندان

چەند رۆژێکە دۆخی پاڕیزگای سلێمانی لە رووی کۆرۆناوە باش نییەو ژمارەکە لەهەڵکشاندایەو گرفتی سەرەکی چەند کەسێک لەوانەی تووشبوون نە لەدەرەوەی ولآتەوە هاتوونەتەوە، نە بەرکەوتەی پێشوون.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، ژمارەی تووشبوان بەرزبۆتەوە بۆ سەرو ٢٠ تووشبوو، لە کاتێکدا دوێنی تەنها ١٣ کەس بوو، تووشبوەکانیش لەناو شاری سلێمانی و ناوچەی بازیانن کە دەکەوێت باشووری رۆژئاوای ئەو شارەوە. پسپۆران سەرهەڵدانەی کۆرۆنا بە " وەرزی دووەمی " کۆرۆنا لە سلێمانی ناوزەد دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەماوەی ١٠ رۆژدا هیچ تووشبوویەکی نوێ لەسەر ئاستی پارێزگاکە تۆمار نەکرابوو.

 

مەترسی سەرهەڵدانەوەی ئەمجارەی ڤایرۆسەکە لەوەدا نییە کە ژمارەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە تازە تووشبوون. لە نێو ئەو کەسانەدا هاولآتییەک کە کاری نانەواچێتی دەکات لە سلێمانی گەڕەکی کوردسات تووشی پەتاکە بووە، ئەم پیاوە مانگی ١١ی ساڵی پار لە ئێران بووەو هەر لەو کاتەدا هاتۆتەوە، بەلآم ئێستا نازانرێت لە کێوە تووشی ڤایرۆسەکەبووە، ئەم تووشبووە جگە لەناوچەکەی خۆی سەردانی بازاڕی سلێمانی کردووە بەرکەوتنی لەگەڵ خەڵکدا زۆر بووە.

 

تووشبوویەکی تر کاری شۆفێری تاکسی دەکات، ئەویش نازانرێت لەکێوە تووشی ڤایرۆسەکە بووەو ئەویش بەرکەوتەی لەگەڵ هاولآتیاندا زۆر بووە.

 

هەروەها یەکەم کەسی بازیانیش کە لە چەند رۆژی رابردوودا تووشبووە و چواردەورەکەی خۆی تووشکردووە، نازانرێت لە کێوە تووشی کۆرۆنا بووە.

 

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەبەر گرانی دۆخی ئابوری ژیانی خەڵك ناتوانن رێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ توندبکەنەوە، ئەوە لە کاتێکدا کە خەڵکێکی زۆر بڕوایان پێ ناکات و لە تۆڕە کۆمەلآیەتیەکان بەبەشێک لە دەسەلآت ناوزەدیان دەکات و هەر هەنگاوێکی نوێی توندکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بنرێت تۆمەتباریان دەکەن بەوەی کە لەبەر دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتەوە ئەو هەنگاوە دەنێن و خەڵکەکە دەترسێنن بۆ ئەوەی داوای مافی خۆیان نەکەن.

 

 

 

 



PM:02:56:17/05/2020