بەرهەم ساڵح جەختی لەهەماهەنگی زیاتری نێوان هێزەکانى حکومەتى عیراق و پێشمەرگە کردەوە

سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە لە گرنگی دروستکردنی ھەمەھانگی لە نێوان ھێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٥/١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای پارێزگای دیالە، کە پێکھاتبوو لە پارێزگاری دیالە (موسەنا عەلی تەمیمی) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری عیراق و کەسایەتی پارێزگای دیالە و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و خانەقین و گوڵاڵە و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خزمەتگوزاری پارێزگاکە گفتوگۆکرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دروستکردنی ھەمەھانگی نێوان ھەردوو حکومەتی فیداڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی ژووری ئۆپراسۆنە ھاوبەشەکان لە نێوان ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵ و ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناخۆیی عیراق قسەی کردووە تاوەکو ھەوڵەکانیان چر بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاکردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەم دواییانە داعش کاری تیرۆرستی تێدا ئەنجامداوە.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی ڕاگەیاند" کە گرنگە زوو بە زوو ھەموو ھەوڵەکان یەکبخرێت بە ئاڕاستەی کۆتایی ھێنان بە کێشەکان و خزمەتکردنی گشت ھاوڵاتیانی عیراق بێ جیاوازی".

لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری پارێزگای دیالە، شاندی میوان بە تێرو تەسەلی باسیان لە کێشە و گرفتەکانی پارێزگاکە کرد و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکە.

لەکۆتایی دیدارەکەدا باس لە پێویستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و سەلامەتی ھاوڵاتییان.

PM:03:01:18/05/2020