د.عەبدوڵا ئەحمەد:هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەک لەسلێمانی، بەڵکو لەشارەکانی تریش ماوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی نوێی پەتاکە هۆشیاری بە هاوڵاتیان دەدات و ڕایدەگەیەنێت" هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەک لە شاری سلێمانی بەڵکو لە شارەکانی تری کوردستانیش ماوە".

د. عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند" ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەرنامە و پلانی خۆمان هەر هەبووە و ئەوەشمان ڕانەگەیاندووە کە پەتاکە کۆنتڕۆڵکرا بێت، بەڵکو بڕیاری ئەوەمان داوە کە ڤایرۆسەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، بە دڵنیاییەوە ئەو حاڵەتانە بە حاڵەتێکی بنبڕو ئاسایی وەریدەگرین، چونکە ئێمە پەیوەندی بەردەواممان هەیە لەگەڵ هاوڵاتیان، چەند کەسێکیش لە ناو هاوڵاتیان هەبووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، بەڵام ئێمە پێمان نەزانیوە، چونکە ئەو حاڵەتانەی لە هەرێم هەیە کە هەڵگری پەتاکەشن نیشانەکانیان وەک پێویست لێ دەرنەکەوتووە، بەڵام هەتا ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبێتەوە، ئەمە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر تاسەری جیهانیشدا هەر وایە و بە دوبارەی دەمێنێتەوە". 

سەبارەت بە سەرچاوەی تووشبووەکە جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی" سەرچاوەی تووشبووەکە بەڕەسمی تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە کە ئەو هاوڵاتییە پەیوەندی لەگەڵ کێدا هەبووە، بەڵام کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا زۆربووە، بۆیە بە بەردەوامی داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن، چونکە گومانمان لەوە هەیە کە خەڵکانێک هەیە لە ناو هاوڵاتیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن بە دڵنیاییەوە خەڵکانێکی تر کەمتر تووشی دەبن".

لەبارەی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە ئایا وەک خۆی بەردەوام دەبێت؟ لە وەڵامدا د. عەبدوڵا ئەحمەد بە "سپی" دەڵێت" مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناهەتا ئەو ڕۆژەی لەسەر تا سەری جیهاندا ڤاکسینەکەی دروست دەبێت بتوانین لەسەر تاسەری جیهاندا بەکاری بێنین مەترسییەکان هەر بەردەوام دەبێت، لە هەرێمی کوردستان مەترسییەکان بەو ڕێژەیە نییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت حاڵەتەکان بگەیەنینە حاڵەتی سفر بۆ ئەوەی بەختەوارانە هاوڵاتیان بتوان بە دڵنیاییەکی زۆرەوە ئیش و کارەکانی خۆیان بکەن و پەیوەندی لەگەڵ هاونیشتمانیانی خۆیان بکەن".

ناوبراو ڕاشیگەیاند" ئەگەر هاوڵاتیان پەیوەست نەبن بە ڕێنماییەکانەوە ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن بەو شێوە هەڕەمەکییەی کە ئێستا بە ڕاستی ئێمە لە زۆربەی زۆری بازاڕ و مارکێتەکان و لە شوێنە گشتییەکان لە دەرمانخانەکان دەی بینین ئەو حاڵەتەی کە ئێستا ئێمە لێی دەترسین لەگەڵ دوو مانگ پێش ئێستا بە ڕاستی جیاوازییەکی زۆر هەیە، ئێمە سوپاسی هاوڵاتیانی شارە خۆشەویستەکەی خۆمان دەکەین لەسەرەتای ڤایرۆسەکەوە بە ڕاستی هۆشیارییەکی زۆریان نەبوو، بەڵام لە ئێستادا زۆر بەشێوەیەکی ڕێکو پێک هاوڵاتیان پەیوەستن بە ڕێنماییەکان، بەڵام بە داخەوە ئێستا لە زۆربەی زۆری شوێنەکاندا ئەوەی کە ئێمە لێی دەترسین ئەوەیە کە هاوڵاتیان وەک پێویست پەیوەست نین بە ڕێنماییەکانەوە ڕێنماییەکان جێبەجێ ناکەن، بە دڵنییاییەوە ئەگەر ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن ڤایرۆسەکەش بە بەردەوامی لەناو خەڵکدا هەتا ئەو ڕۆژەی کە ئێمە ڕایدەگەیەنین کە پەتاکە کۆنترۆڵ کرا مەترسی هەر هەیە".

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٤٣١) تووشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٨٣) نەخۆش چاکبووەتەوە، ئەوانی دیکەش لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە بارەی پێشبینییەکانیان جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتی" لە ناوچوونی ڤایرۆسەکە لەبەر ئەوەی حاڵەتێکی تازەیە و زۆربەی زۆری پزیشکەکان و زانستێکانیش ناتوانن چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن لەسەر تاسەری جیهاندا بڕیاری ئەوە نەدراوە کە بڵاوی بکەنەوە ڤایرۆسەکە کۆتایی هاتووە و دووبارە نابێتەوە جارێکی تر، چی لە هەرێمی خۆمان کە هەموومان دەزانین حاڵەتی سیستەمی تەندروستی و بەرەو پێشبردنی زانستی لە چی ئاستێکدایە و وە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا چ ڕادەیەک هاوکارمانە ئیش و کارەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین، بەڵام بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانەی کە تەندروستی جیهانی بۆی دیاریکردووین بە لایەنی کەمەوە دەبێت لە ماوەی دوو کۆرسدا کە دوو کۆرسەکە (١٤-١٤) دەکاتە ٢٨ ڕۆژ، ئەگەر هیچ حاڵەتێک نەبێت، ئەو کات دەتوانین ڕایگەیەنین  کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆنتڕۆڵکرا". 

لە کۆتایی قسەکانیدا،  د. عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی داوای لە هاونیشتیمانیان کرد کە دەستکێش و ماسک زۆر گرنگە بەکاری بێنن و تێکەڵ نەبوون و نە چوونە شوێنە قەرەباڵخییەکان، لە ڕۆژە خۆشەکانیشدا پابەند بن بە ڕێنماییەکانەوە. 








PM:03:14:20/05/2020