وەزیری ناوخۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری ناوخۆ جەختدەکاتەوە کە هاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا قەدەغەیە و داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەکانیان بمیننەوە.

 

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" مەترسیی كۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی كوردستان ماوە و بەپێی ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی و هەولێر لەو ڕۆژانە تۆمار كراون، دەبێ هەڵوەستەیەكی رژدی لەسەر بكەین".

 

لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە سێ‌ ڕۆژی جەژن وەزیری ناوخۆی هەرێم وتی" لە ئەنجامی هەبوون و مەترسی و هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسەیە لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان، داوا دەكەین لە ڕۆژانی جەژن خەڵك پابەندی بڕیارەكان بن و هاتوچۆ نەكەن، چونكە دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل".

 

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، گشت مارکێت و نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون، بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە دادەخرێن.

 


PM:01:01:21/05/2020