عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی داهاتوو کێشەی هەیە

راوێژكاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی مەترسی خۆی لە دابینکردنی مووچەی ئەم مانگە ئاشکرا دەکات و پێیوایە داهاتی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبوه‌ته‌وه‌، بۆ دابینكردنی موچه كێشه‌ی گه‌ورەیان دەبێت‌. هەروەها لیژنەیەک بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم مانگە پێکهێنراوە.


مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژکاری دارایی کازمی له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی بۆ میدیا عێراقییەکان رایگه‌یاند " داهاتی ئه‌م مانگه‌ دو ترلیۆن دیناربو، به‌ڵام ته‌نها بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پێویستمان به‌ پێنج ترلیۆن دیناره‌، جگه‌ له‌ چه‌ند خه‌رجیه‌كی دیكه‌ی وڵات، له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ موچه‌ی مانگی داهاتو كێشه‌ی گه‌وره‌ روبه‌ڕوی حكومه‌ت ده‌بێته‌وه‌".


راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران دەشڵێت " راسته‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تی عێراق توانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی  داهاتی مانگانه‌ی نه‌وت زۆر كه‌مبوه‌ته‌وه‌، داهاته‌كانی دیكه‌ش جگه‌ له‌ نه‌وت نزیكه‌ی ١٠٠ ملیار دینار ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكی ئه‌وتۆ نیه‌، له‌ئێستاشدا كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ دابینكردنی موچه‌ی مانگی داهاتو روبه‌روی حكومه‌ت بوه‌ته‌وه‌، له‌و روه‌شه‌وه‌ حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانی بۆ دابینكردنی موچه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان خستوه‌ته‌گه‌ڕ".


 
راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكراشیكردوه‌، "لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی پێكهێندراوه‌ بۆئه‌وه‌ی موچه‌ی مانگی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠ دابینبكه‌ن و چاكسازی له‌كۆمه‌ڵێك سێكته‌ردا ئه‌نجامبده‌ن".
 
سه‌باره‌ت به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش، مه‌زهه‌ر ساڵح رایگه‌یاندوه‌، "له‌ئێستادا پێشنیازێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌ست ده‌ستكاری موچه‌ی پله‌ باڵاكان بكرێت و كه‌مبكرێنه‌وه‌، تا بتوانرێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ موچه‌ دابینبكرێت، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ره‌چاوی موچه‌ كه‌مه‌كان بكرێت".


باسی له‌وه‌شكردوه‌،"لیژنه‌ی باڵای چاكسازی دارایی و ئابوری كاره‌كانی ده‌ستپێكردوه‌ و به‌رده‌وام كارده‌كات بۆ رێكخستنی دارایی گشتی عێراق، به‌شێوازێكی دروست و ره‌چاوكردنی چه‌ند بنه‌ما و ستانداردێكی نوێ".
 


AM:10:16:22/05/2020