بەغدا ٤٠٠ ملیار دەنێرێت‌وجەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لە ٣٠ رۆژدا رێکبکەون

وەزارەتی دارایی عیراق نامەیەک لەگەڵ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەدا بۆ مەسرور بارزاننی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەنێرێت و دەڵێن " لە رێککەوتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەوە دەبێت لە ٣٠ رۆژدا شاندی هەرێم و بەغدا بکەونە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و بودجە". هەروەها بەغدا دەیەوێت لە داهاتە نا نەوتیەکاندا وردبینی بکات.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراق کە واژوی عەلی عەبدولئەمیری وەزیری لەسەرەو  رۆژی ١٩ی ئایار ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆك حکومەتی هەرێم کراوە تیایدا هاتووە "وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمایی یاسای كارگێری دارایی عیراق ژمارە ( ٦) ساڵی ٢٠١٩، ڕەزامەندی داوە بە خەرجكردن و ناردنی
بڕی ( ٤٠٠ ملیار) دینار بۆ مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم".

لە نووسراوەکەشدا هاتووە " لەبەرواری خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەوە، پێویستە شاندی هەرێم و بەغدا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بگەنە چارەسەرێك لەبارەی پرسی نەوت و بودجەوە".

 

دەربارەی داوایەکی عێراق لە هەرێم لە نوسراوەکەدا هاتووە " دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هەژمارو وردبینی داهاتە نا نەوتیەکانی هەرێم دەکەن".

 

هەروەها هاتووە " گوژمە پارەی تر دەنێردرێت بۆ هەرێم دوای رێککەوتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە".

 


PM:12:32:22/05/2020