مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ داواى دڵنیایى لەبارەى موچەکانیانەوە دەکەن

بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ داوا لە وەزیرى خوێندنى باڵا دەکەن لەبارەى کەمنەکردنەوەى موچەکانیانەوە دڵنیاییان پێ بدات.

 

لەنامەیەکدا بۆ وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێم بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا داوایەکیان ئاراستەى وەزیر کردووە و دەڵێن" بەڕێز جەنابى وەزیرى خوێندنى باڵا، لە ڕێگەى ئەم نامە کراوەیەوە، داواتان لێدەکەین، کە سەبارەت بەو هەواڵ و زانیاریی و دوودڵییەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەتان، بەدواداچوون و ڕوونکردنەوە و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بدەن".

ئاماژە بەوەشکراوە" بەپێى ئەو زانیارییانەى، کە بە ئێمە گەیشتووە و لێرەو لەوێ قسەى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دانیشتنە تایبەتییەکانە، ئەوەیە کە حکومەتى هەرێم لە ڕێگەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازییەوە، دەیەوێت بەڕێژەیەکى زۆر دەستکاریی مووچەى مووچەخۆرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکات، ئەویش بەوەى، کە بە نیازن سەرجەم دەرماڵە ناجێگیرەکان، جگە لە (مووچەى بنەڕەتیی و دەرماڵەى بڕوانامە و ژنومناڵ)، بیبڕن، کە ئەمە ڕاستەخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانى مامۆستایان و مووچەخۆرانى وەزارەتى خوێندنى باڵاوە".

ئەوشخراوەتەڕوو: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا، پێمانوابوو، بڕیارى چاکسازییکردن لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم و دەرچوواندنى یاسای چاکسازیی لە پەرلەمانى کوردستان، جیاکردنەوەى مووچەخۆرى ڕاستەقینە و ماندووە لە مووچەخۆرى بندیوار و حیزبیی و خزمەتکاری بەرپرسە گەندەڵەکان، بەڵام بەداخەوە ئەوەى لەم بارودۆخە دەخوێنرێتەوە و هەندێک زانیاریی کە بڵاودەکرێتەوە پێچەوانەى ئەم ئومێدەى ئێمەى مامۆستایان و مووچەخۆرانە و حکومەت دەیەوێت، ئەمجارەیان بەیاسا قوت و ژیانى مووچەخۆریی فیعلی و ڕاستەقینە ببڕێت و گیرفانى مووچەخۆریی بندیوارو حیزبیی زیاتر پێ پڕبکات، کە ئەمە ئەوپەڕى نادادیی و ستەمە، بۆیە ئێمە وەک مامۆستایانى زانکۆ، هەروەک چۆن لەسەرەتاوە ئومێدێکى زۆرمان بە کارو پرۆژەکانى بەڕێزتان لە بوارى خوێندنى باڵا و هەنگاوەکانى سەرەتاتان بە ئاڕاستەى خزمەتکردن و چاکسازیی لە کارەکانى خوێندنى باڵادا هەبوو، هەر بەو ڕۆحییەتەوە چاوەڕێى ئەوە لە جەنابتان دەکەین، کە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە و بەرپرسانە ڕێگر بن لەوەى، کە حکومەت بیەوێت بە ناوى چاکسازییەوە قووت و ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەتان بکاتە قوربانیی پیلانەکانی. 

لەبەشێکی دیکەشدا هاتووە، ئێمە لەگەڵ چاکسازییدان، بەڵام چاکسازییەک خزمەت بە ڕەوشی ئابوریی و ئیداریی و دارایی حکومەت بکات، چاکسازییەک لانى کەمى عەدالەت و دادى کۆمەڵایەتى بێنێتەدى، نەک لەسەر حیسابى قوت و ژیانى ئێمە خەڵکانى تر لە یاساکە ڕیزپەڕ بن، چاکسازییەک بتوانێت جۆرێک لە عەدالەتى دارایی بۆ هەموو مووچەخۆران لە وەزیرێکەوە تا کارمەندێکى ئاسایی بێنێتەکایەوە، ئەویش لەسەر بنەماى شایستەبوونى خزمەت و بڕوانامە و پێگەى زانستیی و لێهاتوویی و جۆرى کارەکەى، نەک لەسەر بنەماى خزمەتکاریی بۆ حیزب و پەیوەستیی بە کەس و لایەن و گروپی دیاریکراوەوە. 

روونیشکراوەتەوە: بەپێى زانیارییەکانى ئێمە، بڕى ئەو پارەیەى، کە مانگانە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا پێویستە بریتییە لە (١٦) شازدە ملیارد دینار، کە ئەمە چارەکێکى ئەو پارەیە نییە، کە بۆ وەزارەتە ئەمنییەکان یاخود بندیوارە حیزبییەکان خەرجدەکرێت، ئێوە خۆتان باشدەزانن، کە کۆڵەکەى دروستبوونى ژیانێکى مەدەنیی و وڵاتێکى فراژوبوو و گەشەسەندو، هاوکات دروستکردنى نەوەیەکى هۆشیار پەیوەستە بە وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵاوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەى لە سیاسەتى ئێستاى هەرێم دەخوێنرێتەوە، دروستکردنى وڵاتێکى ئەمنیی و پۆلیسیی و بێبایەخکردنى ئاشکراى ڕۆڵى وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵایە. 

لە کۆتایی یاداشتەکەدا هاتووە" ئەمە دەبێتە مێژوو بۆ ژیانى وزاریی ئێوە لە داهاتوودا، کە ئەگەر بتوانن بە کرداریی لە پاڵ مامۆستایانى وەزارەتەکەى خۆتاندا بن و ببنە پارێزەرێکى سەرسەختى مافەڕەواکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەتان، کە ئەمە ئەرکێکى ئیداریی و زانستیی و مۆراڵییە، بۆ جەنابتان، هەربۆیە ئەوەتان لێ چاوەڕواندەکرێت، کە وەڵامگۆى ئەم نامەیەمان، کە داخوازیینامەى زیاد لە ١٠٠ مامۆستا زانکۆى چەرمووە، هەروەها دەتوانین بڵێین داخوازیینامەى سەدان مامۆستاى هاوپیشەمانە لە زانکۆکانى تر، بە جدیی و کرداریی بێنە سەرخەت و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەتان بدەن و ببنە قەڵغانێکى بەهێز بۆ پاراستنى ماف و شایستە جیاوازەکانى مامۆستایان فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵ".



PM:06:31:22/05/2020