وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەداتەوە لەسەر کە لە گەنجینەکانی سلێمانی زانیاریان پێنەداون. 


وەزارەتی دارایی لەو ڕوونكردنەوەیەدا دەڵێت" رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لێدوانی داوە گوایە بەرێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رێگری کردووە لەوەی بەرێوەبەری گەنجینەکانی سلێمانی داتا و زانیاری داھات بدەن بە لیژنەی لامەرکەزی، بە پێویست و گرنگمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بدەین بۆ ئەوەی ڕای گشتی لێ ئاگادار بێت:



١- لیژنەی لامەرکەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابووری نەناسێنراوە، تاوەکو ھاوکاری پێویستی بکات و زانیاری بداتێ.



٢- بەپێی یاسا، خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم ناتوانن ھیچ زانیارییەک بدەن بە ھیچ لایەنێک، چونکە بە پێی یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٩ ھەموارکراو پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی ٦، پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بکرێت و ھەماھەنگی دروست بکرێت، تەنانەت پەرلەمانی کوردستان کە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەھەمان ڕێسا کار دەکات، واتە دەبوایە ئەنجوومەنی پارێزگا بەھەمان ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکرێت، (بەرێز بەرێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی) ئەم روونکردنەوەی بۆ لیژنە بەرێزەکەتان داوە کە داواکارییەکەتان داوایەکی نایاساییە).



٣- جێگای سەرسوڕمانە کە ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت کە تەواوی زانیاری لەسەر داھات و خەرجی لە خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی) نیە و خەزێنەکان تەنھا ئاگاداری خەرجیە مەڵبەندییەکانن و زانیاری ورد و دروستیان لا نیە.

٤- پرسی لامەرکەزی لە دووتوێی بەرنامەی حکوومەتدایە کە ھی ھەموو لایەنەکانە بە تایبەت سێ لایەنی پێکھێنەری حکوومەت، بۆیە نە داھێنانێکی نوێیە و لیژنەی باڵای جێبەجێکاری بەرنامەکەش ئەنجوومەنی وەزیرانە، واتە ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکوومەت.

 
٥- ئەنجوومەنە بەرێزەکانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک گەواھی ئەوە دەدەن کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرەنسیپی لامەرکەزیە و ھەر لە سەرەتاوە لە کارە لەپێشینەیەکانی بەرێزیانە

 


PM:10:35:22/05/2020