"پێویستە چاكسازیی راستەقینە لە سەرچاوەكانی داهات و شەفافییەتی نەوت بکرێت"

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆی کوردستان، لەبارەی پەیامەکەی شەوی ڕابردووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕایگشتی بڵاودەکەنەوەو دەڵێن" پێویستە چاكسازیی راستەقینە، لە سەرچاوەكانی داهات و شەفافییەتی نەوت و گرێبەستەكانی نەوت و سەرجەمی سامانە سروشتییەكان بکرێت".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەریەک لە دیاری ئەنوەر، سیروان بابان و مەم بورهان قانیع ئاماژەیان بەوەکردووە" نابێت لە پڕۆسەیەكدا بەناوی "چاكسازیی" دەست ببرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو چاكسازیی راستەقینە، دەبێت لە سەرچاوەكانی داهات و شەفافییەتی نەوت و گرێبەستەكانی نەوت و سەرجەمی سامانە سروشتییەكان دا بێت و دەسەڵاتی كۆمپانیاكانی حزب لەم بوارانەدا نەهێڵرێن".

 

هاوکات لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان دەكەن، کە هاوكار و پشتیوانیان بن بۆ ئەوەی دوای پشوەكانی جەژن، بەرپرسانی باڵای حكومەت بانگێشتی پەرلەمان بكەین و "كۆكار"ێكی پەرلەمانیی لە سەرجەمی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان پێكبهێنرێت و ئامانج لێی بەدواداچونی ئەو 27 ملیار دۆلارە بێت، كە گوایا قەرزە و كەوتوەتە سەر حكومەتی هەرێم، سەرەڕای دیاریكردنی ئاڕاستە ستراتیژییەكانی چاكسازیی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان و دەركردنی یاسایەك بۆ چاكسازیی لە سێكتەرەكانی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆدا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

راگەیاندراوێك لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆی كوردستانەوە

دەربارەی پەیامەكەی دوێنێ شەوی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم راگەیاندراوە بۆ رایگشتیی كوردستان بڵاودەكەینەوە:

1- سەبارەت بەوەی حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە.
دەپرسین: ئەم قەرزانە چۆن و بۆچی كراون؟
لەكێ‌ كراون؟
بۆچی بەبێ‌ رەزامەندیی پەرلەمان كراون؟
كامەیە "نیعمەت"ی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان؟
دوو ساڵە حكومەت دەڵێت: قەرز دەدەینەوە،
ئایا تائێستا چەندە قەرزی داوەتەوە و بەكێی‌ داوە؟

2- نابێت لە پڕۆسەیەكدا بەناوی "چاكسازیی"،
دەست ببرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو چاكسازیی راستەقینە، دەبێت لە سەرچاوەكانی داهات و شەفافییەتی نەوت و گرێبەستەكانی نەوت و سەرجەمی سامانە سروشتییەكان دا بێت و دەسەڵاتی كۆمپانیاكانی حزب لەم بوارانەدا نەهێڵرێن.

3- داوا لە سەرجەمی پەرلەمانتارانی كوردستان دەكەین، هاوكار و پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی دوای پشوەكانی جەژن، بەرپرسانی باڵای حكومەت بانگێشتی پەرلەمان بكەین و "كۆكار"ێكی پەرلەمانیی لە سەرجەمی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان پێكبهێنرێت و ئامانج لێی بەدواداچونی ئەو 27 ملیار دۆلارە بێت، كە گوایا قەرزە و كەوتوەتە سەر حكومەتی هەرێم، سەرەڕای دیاریكردنی ئاڕاستە ستراتیژییەكانی چاكسازیی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان و دەركردنی یاسایەك بۆ چاكسازیی لە سێكتەرەكانی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆدا.

پەرلەمانتارانی سەربەخۆ

سیروان بابان
دیاری ئەنوەر
مەم بورهان قانع
23/ 5/ 2020



PM:11:09:23/05/2020