وەزیری تەندروستی: جیاوازییەكانی ئەمجارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا مەترسیدارە

وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌نێت" جیاوازی هه‌ڵكشانی ئه‌مجاره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌‌، رێژه‌ی تۆماركردن زیاتره‌ و سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ش نادیاره‌، بۆیه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌".

 

د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە میدیاكانی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووه‌" لەبەر ئەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان مابوون و ژمارەیەك خەڵكیش كەرەنتین بوون، ھەروەھا لە شارەكانی عیراق و وڵاتانی دراوسێ ژمارەكە روو لە ھەڵكشان بوو، لەلایەكی دیكە لە رووی پەتازانیوە ئێمە نەگەیشتبوینەتە ئەو رێژەیەی كە بڵێین كۆرۆنا بە تەواوی كۆنترۆڵكرابوو، لە رووی سووری ژیانی ئەو ڤایرۆسە پێویستمان بە كاتێك ھەیە".

راشیگه‌یاندووه‌" ئێمە نەگەیشتبووینە ئەو ماوەیە و لە ناو كۆمەڵگە ڤایرۆسه‌كه‌ ھەبوو، بۆیە پێشبینی تۆماركردنی تووشبووی دیكەمان دەكرد، بەڵام پێشبینی نەدەكرا، بە وەرزی گەرما ڤایرۆسەكە چالاك بێت".

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە" جیاوازییەك لە ھەڵكشانی ئەمجارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەیە، كە بریتییە لە چەند خاڵێك، یەكێك لەوانە رێژەی تۆماركردن بەراورد بە پێشتر زیاترە، ھەروەھا تووشبووەكان نیشانەیان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە دیار نییە، پێشتر زیاتر بەھۆی بەركەوتن بڵاودەبووەوە، بەڵام ئێستا ئەوە نییە، ئەوانەی تۆمار دەكرێن وەك نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، دوای پشكنین دەردەكەوێت ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، ئەم جیاوازیانە مەترسییەكی دیكە بە ئێمە پیشان دەدات".




AM:11:51:25/05/2020