تەرمی ئەو په‌نابه‌رە كوردەی لە یۆنان خنکا گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان

سەرپەرشتیاری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند" تەرمی ئەو په‌نابه‌رە كوردەی کە لە دورگه‌ی خیۆسی یۆنان خنکا، گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان".

 

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند" پاش ١٥ ڕۆژ لە خنکانی ڕاڤیاری تەمەن ٢٠ ساڵ لە دورگەی خیۆسی یۆنان، شەوی رابردوو تەرمی ناوبراو بە هاوکاری دەزگای لوتکە گەڕێنراوەتەوە هەرێمی کوردستان".

ئاشکراشیکرد، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕووداوەکە، کەسوکاری ڕاڤیار پەیوەندیان بە دەزگای لوتکە کرد سەبارەت بەلێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە و گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەیان بۆ پارێزگای سلێمانی.

روونیشیکردەوە، لە سەر داوای کەسوکاری ڕاڤیار (دەزگای لوتکە لە یۆنان )حیجزی خستەر تەرمی ئەو پەنابەرە و ڕێگەی نەدا تەرمەکە لەوڵاتە بەخاک بسپێردرێت.

ئاری جەلال ئەماژەی بەوەشکرد: بە هۆی دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینە کردن لە یۆنان و وەستانی گەشتە ئاسمانیەکان، تەرمی ناوبراو نەتوانرا لەکاتی خۆیدا بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاند" بەهاوکاری نوێنەری دەزگای لوتکە لە گەشتێکی تایبەتدا ، تەرمی ئەو پەنابەرە شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایەوە هەرێمی کوردستان، بەیانی ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی و لە گۆڕستانی سەیوان بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی بەخاکسپێردرا".

ڕاڤیار عوسمان ، تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە و خەڵکی شارۆچکەی چەمچەماڵ بووە ، وەک پەنابەرێک لە دورگەی خیۆسی یۆنان ژیاوە و لە ڕۆژی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٠، بەمەبەستی گەشتکردن ڕوو لە دەرەوەی کەمپەکە دەکات و لە کاتی مەلەکردندا و بە وتەی پزیشکی دادی، دەماری قاچی وەستاوە و بەو هۆیشەوە خنکاوە.



PM:07:57:25/05/2020