ڕێواز فایەق: هەرێمی کوردستان ٢٧ ملیار قەرزار نیە


د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا ئاشکرای دەکات" هەرێمی کوردستان ٢٧ ملیار قەرزار نیە، بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا".

دەقی نوسینەکەی سەرۆکی پەرلەمان: 

هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە!

سەرباری خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و خراپتر بوونی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستا بە گشتی، حکومەتی هەرێم (٢٧) ملیار دۆلار قەرزارە،مەبەستمە لێرەوە بە لۆژیک و دوور لە هەموو ڕاڤەبۆکردنێکی سیاسی،بیسەلمێنم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا. 

۱ـ ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲٠۱٤، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە چونکە لە یاسای بوودجەی گشتی هەرێم ژمارە(۱) لە ساڵی ۲٠۱۳ کە دواین یاسای بودجەیە لە پەرلەمان پەسەندکرابێت، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەم کە تایبەت کراوە بە خەرجیەکان- ئەسڵ ئەوەیە ئەگەر هەرێم قەرزار بێت، دەبێت لەناو خەرجیەکان تەرخانکراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمەیەک ،چ بۆ دانەوەی ئەسڵی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە.

۲ـ هەر لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە(۱)ی ساڵی ۲٠۱۳، کورتهێنانی نەخشە بۆداڕێژراوی بودجە هەبووە، و لە بڕگەی دووەمی ماددەی پێنجەم بڕی کوورتهێنانەکە بە (۱,٦۸٤,۹٠٠,٠٠٠,٠٠٠)یەک ترلێۆن و شەش سەدوهەشتا و چوار ملیار و نۆسەد ملێۆن دینار دانراوە، و بۆ داپۆشینی کوورتهێنانەکەش بەهیچ جۆرێک باسی قەرزکردن نەکراوە.

۳ـ لە ساڵی(۲٠۱٤)ەوە حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بوودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاراستە کرابێت و بەهەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، لە ڕوانگەی یاسا و بە پێوەری کاری پەرلەمانی،بنەمای یاسایی دروستیان نیە.

٤ـ لە خولی چوارەمی پەرلەمان، لەوکاتەوەی کە بابەتی قەرز و پڕکردنەوەی کوورتهێنانەکان لە ڕێگەی قەرز کردن بوو بە بابەتێکی گرنگ و هەستیار، ئەو کاتەی قەرزدەرەکان  بەبێ بوونی یاسایەک، کە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرز بداتە ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەنەبوون قەرز بدەنە حکومەت؛ ئیتر پرۆژە یاسای ڕاکێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزکردن لەلایەن حکومەتەوە نێردرایە پەرلەمان و بە یاسای ژمارە(۷) ی ساڵی ۲٠۱٥پەسەندکرا.

٥ـ بەپێی یاسای ژمارە(۷)ی ساڵی ۲٠۱٥، یاسای ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق، ماددەی دووەمی، لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

٦ـ ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی (٥)ساڵ، بەدەر لەئاگاداری پەرلەمان، بەبێ جەدوەلەی قەرزەکان، بە لە تاریکیا مانەوەی قەرزدەرەکان، بڕی قەرزەکان، نرخی سوودی سەر قەرزەکان، ضەماناتی قەرزەکان، کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، دەروازە و بواری خەرجکردنیان- سەرباری دەیانجار داواکردنی ئەو زانیاریانە لەلایەن لیژنەکانی پەرلەمان، پەرلەمانتاران و فراکسێۆنەکان- بڕی (۲۷) ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بەدیاریکراوی بۆ مووچە قەرز کردبێت، ئەوا لە ڕوانگەی ئێمەوە و بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و سیستماتیک، بە جێبەجێکردنی سنوور و ئاستی دەستڕۆیی و صەلاحیەتەکانی وەرگرتنی قەرز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە تەواوکارییەی کە دەبێت لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک دۆلار قەرزار نیە جگە لە مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران و شایستەی دارایی بەڵێندەران و سەرمایەداران کە زۆریان تەنانەت مایەپووچیش بوون،چونکە تەنانەت یەک لاپەڕەش سەبارەت بەم قەرزانە لە پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکان دیکۆمێنت نەکراوە و بوونی نیە.

۷ـ پەرلەمان دامەزراوەیەکی دەستوورییە و حکومەتیش هەروەها؛ پەیوەندی ئەم دوو دامەزراوەیەش یاسا ڕێکیخستووە. هەردوو دامەزراوەکەش دامەزراوەی نیشتیمانین و بەرپرسن لە خزمەتکردنی تەواوی کوردستانیان، و دەبێت پەیوەندیەکی تەواوکاریی لە نێوانیاندا هەبێت چونکە شکۆی هەریەکەیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنیان. پەرلەمان لە دۆڵێک نیە و حکومەتیش لە دۆڵێک،ئێمە کاری یەکتر تەواو ئەکەین،بەڵام لەم دۆسیەیە لانیکەمی متمانە و زانیاری ئاڵوگۆڕکراو لە نێوانماندا نیە،تەنها ڕێگەش بۆ بەرقەراربوونی زەمینەی کاری هاوبەش،شەفاف کردنی کۆی دۆسیەکەیە بە ووردەکاریەکانیەوە،کە بێگومان دوای جەژن ئەبێت هەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەین.

PM:11:18:25/05/2020