نوسەرێکی دیاری کورد کۆچی دوایکرد

نووسەر و تێکۆشەرێکی دێرینی کوردستان و کۆمەڵە (هاوڕێ عەلی کتابی) ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە ژیان کرد. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - کۆمیسیۆنی دەرەوەی وڵات ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمرۆ هاوڕێ عەلی کتابی ناسراو به میرزا عەلی تێکۆشەری دێرینی خەباتی خەڵکی چەوساوە و خەباتکاری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، نووسەر و ڕۆماننوس بۆ هەمیشە چاوی لێکنا و ماڵئاوایی له هەموو خۆشەویستان و سەنگەری خەبات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد".

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت" میرزا عەلی هەموو تەمەنی له پێناو خەڵکی زەحمەتکێش، خەبات له دژی زۆرداری و چەوسانەوە و بەربەرەکانێ له دژی داگیرکاری تەرخان کرد و ڕێبوارێکی ماندوونەناسی ئەم ڕێبازە بوو. زۆربەی چیا و دۆڵەکانی کوردستان سەنگەری بوون، ماڵی زۆرێک له زەحمەتکێشانی کوردستان  و کۆری هاوڕێیانی پڕ له خۆشەویستیی دەکرد و هەر بۆیە جێگایەکی تایبەتی له دڵی هەمووان بوو".

ڕاشیگەیاندووە" ئێمە شانازی بەوە دەکەین که مێژوومان خەباتکاری وەک میرزا عەلی تێدا بووە و دڵنیاین که کار و تێکۆشان و رەنجی له لایەن ڕێبوارانی ڕێگای کۆمەڵە دەبێتە چرای روون کەرەوەی خەباتی ئەمڕۆ و داهاتومان".



AM:12:02:26/05/2020