کەشناسی روونکردنەوە لەبارەی دابەزینی پلەی گەرما "١٠ پلە ژێر سفرەوە" دەدات

راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێم روونکردنەوە لەسەر راگەیاندنێکی شەوی رابردوویان دەدات لەبارەی دابەزینی پلەی گەرمای هەندێک ناوچەی شاخاوی بۆ " ژێر ١٠ پلەی سیلیزی".

 
لەو روونکردنەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٦ی ئایار بڵاوکرایەوە هاتووە کە " تێگەیشتنێكی هەڵە لە هەندێ لە دەزگاكانی کراوەو، دەڵێت " دوابەدوای بڵاوكردنەوەی پێشبینیمان بۆ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ ١١ تا ١٢ و گەیشتنی بۆ ژێر ١٠ پلەی سیلیزیی بۆ ناوچە شاخاوییەكان و ١٥ پلە بۆ سەنتەری شارەكان، بە داخەوە، پێدەچێ (لێكتێنەگەیشتن) ێك روویداوەو چەند دەزگایەكی بەڕێزی راگەیاندن بە هەڵە مامەڵەیان لەگەڵ راپۆرتی (بەشی پێشبینی) و لێدوانی (ئەژی چەتۆ حەسەن) بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكامانیان كردووە بەوەی كە پلەكانی گەرما بۆ (ژێرەوەی سفری سیلیزیی) دادەبەزێ، كە ئەمەش هەڵەیەو زانیارییەكە دروست نییە".


کەشناسی هەڵەکەی راستدەکاتەوەو دەڵێت " بەڵكو (بەشی پێشبینی) لە بڵاوكراوەكەیدا بە روونی ئاماژەی بە (ژێر 10 پلەی سیلیزیی) نەوەك (ژێرەوەی سفری سیلیزیی)، چونكە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان و لەو كاتەی وەرزی ساڵدا ناگاتە ئاستی پلەكانی ژێرەوەی سفری سیلیزیی".

 
شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی بەم شێوەیە باسی دابەزینی پلەی گەرمای شارەکانی کوردستان و ناوچە شاخاویەکانی کرد" " دوای ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکەمان کەوا پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ سێ شەممە، بە نزیکەی ١١ تا ١٢ پلە نزم کردەوە بۆ سبەی بەیانی پێشبینی دەکەین نزمترین پلەکانی گەرما لە ھەندێ ناوچەی شاخاوی لە ژێر ١٠ پلەی سیلیزی بێت".

 


PM:01:05:26/05/2020