یەکێتی گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی هەستیاری حکومیدا ئەنجام دەدات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلانیدایە چەند گۆڕانکاریەک لە پشکی پۆستە ئەمنیەکانی خۆی لە نێو حکومەتدا بکات.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەکن لە پشکی خۆیان لە پۆستە ئەمنییەکانی نێو حکومەتی هەرێمدا.

 

دەربارەی ئەو پۆستانەی یەکێتی دەیەوێت گۆڕانکاری تیدا بکات، پۆستی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاریی ( زانیاری ) کە تا ئێستا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرکی یەکێتی لێپراسراویەتی، هەروەها سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم کە ماوەیەکی زۆرە د. خەسرەو گوڵ محەمەد سەرۆکایەتی دەکات.

 

هەرچی دانانی کادیڕێکی یەکێتییە بۆ پۆستی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاریی ( زانیاری ) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێستا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی یەو، پێویستە ئەو پۆستە کەسێکی تر بەڕێوەی ببات، لە تا ئێستاشدا ناوی شێخ محەمەد تاڵەبانی دێت کە خۆی لە دەزگاکە پۆستی باڵای هەیە.

 

دەربارەی گۆڕینی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، د. خەسرەو گوڵ محەمەد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو تەمەنی کارکردنی بەرەو خانەنشینی دەچێت و دەبێت کەسێک لە شوێنی دابنرێت، تا ئێستا ئەو ناوەی باسی لێوە دەکرێت، جەلال شێخ ناجی یە کە بەرپرسی دەزگای ئیستخباراتی هێزی پێشمەرگەیە.

 

گۆڕانکاری لەم پۆستانەو پۆستەکانی تری دەزگا ئەمنییەکان رووبەڕووی کێشەیەکی ئیداری و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەبێتەوە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم ئەم دوو پۆستە لە چوارچێوەی دەسەلآتی سەرۆکی هەرێمدایە، بەڵام مامەڵەکردنی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنیانەدا ئەوە پێشان دەدات کە لەژێر دەسەلآتی سەرۆکی حکومەتدایە، بەتایبەتی لە کاتێکدا تائێستا راوێژکاری ئاسایشی هەرێم خودی مەسرور بارزانی خۆیەتی  و دوای هەڵبژاردنی بەسەرۆکی حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە، تائێستا کەسێکی تر لەو پۆستە دانەنراوە.

 



PM:10:52:26/05/2020