کارەبا روونکردنەوەیەک لەسەر پێدانی کارەبا هاوشێوەی رۆژانی جەژن دەدات

كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم رایگەیاند " لە رۆژانی جەژن ٢٠ كاتژمێر كارەبا دراوە". مژدەش دەدات بەهاوڵاتیان و تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەم شیوەیە بەردەوام دەبێت".

لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ پێدانی کارەبا لەرۆژانی جەژندا دەکات و دەڵێت" توانرا بە سیستەمێكی رێكوپێك و بە هەوڵ و ماندووبوونی ئێشكگرانی كارەبا ٢٠ كاتژمێر كارەبا بدرێت بەهاوڵاتیان، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لە بەرهەمهێنانی ٣٠٠٠ مێگاوات كارەبا كە بەشێوەیەكی رێكوپێك بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشكرا.

کۆنترۆڵی کارەبا ئاشکرای دەکات " تا رۆژی شەممە بەمشێوەیە كارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت و، بۆ مانگی حوزەیرانیش كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بارودۆخی بەرهەمهێنانی كارەباو، هەڵكشانی خواستی بەكارهێنان هەڵبسەنگێنرێت و بڕیار بدرێت."

 


PM:04:51:27/05/2020