مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە



ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند" مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی نێوانیان دیاریدەکەن".
 
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە کەناڵی رووداوی راگەیاند" هەرچەندە بە دروستی کاتی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیارنییە، بەڵام رۆژی یەکشەممە 31-5-2020 مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە، تێیدا باس لە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی دەکرێت. لەگەڵ یەکێتی پەیوەندییەکان بەردەوامن و پارتی و یەكێتی بە هەماهەنگی پێکەوە رۆژێك بۆ كۆبوونەوە دیاریدەکەین".
 
وتیشی" پێویستە شەڕی راگەیاندن رابگیرێت، ناكرێت بۆچوونی حیزبیی خۆمان بخەینە ناو حكومەت، بۆیە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ئەوا هەفتەی داهاتوو یەكێتی و پارتی پێكەوە كۆدەبنەوە".
 
ئاراس حەسۆ میرخان باسی لەوەش کرد: ئەنجامدانی كۆبوونەوەکە گرنگیی زۆری هەیە، بۆئەوەی پێكەوە باسی گلەییەكانی خۆمان بكەین و چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە. 
 
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی بە پێویستی دەزانێت كۆبوونەوە بكرێت و دەڵێت" مەرج نییە هەموو كێشەكان بە یەك جار چارەسەر بكرێن، لەبەرئەوەی بۆچوونی جیاوازمان لە زۆر شتدا هەیە".

AM:12:35:28/05/2020