باری تەندروستی سلێمانی خراپە
لە دوو هەفتەدا ٨٠ کەس تووشووی کۆرۆنا بوون

باری تەندروستی سلێمانی لە ڕووی تووشبووی نوێوە بە کۆرۆنا بەرەو خراپی دەڕوات، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند" لە دوو هەفتەدا ٨٠ کەس تووشی کۆرۆنا بوون".

 

د، هێرش سەید سەلیم جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی" سپی " رایگەیاند " لە ماوەی دوو هەفتەدا ٨٠ کەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون، ژمارەیەک لەو تووشبوانە سەرچاوەی تووشبوونەکانیان نەزانراوەو لە کەسانی تووشبووی پێشووە کە لەلای تەندروستی زانراوە، ڤایرۆسەکەیان نەگرتووە".

 

دەربارەی دۆخی تەندروستی نەخۆشەکان، د. هێرش سەید سەلیم وتی" بەشێوەیەکی گشتی دۆخیان خراپ نییە، تەنها دۆخی دوانیان نەبێت کە کەمێک خراپەو ئەو دووانە هەردوکیشیان گەنجن، بەلآم هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو حاڵەتەی بخرێنە ژێر ئامێری هەناسەدانەوەو، ئێستا ئێمە لەسەرو بەندی ئەوەداین کە بڕیاربدەین لە رێگای پلازماوە چارەسەریان بۆ بکەین".

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " تەندروستی سلێمانی مەترسی ئەوەی هەیە ژمارەی تووشبوان بە خێرایی بەرزبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەزگای تەندروستی نەتوانن بەتەواوی بەدەم نەخۆشخاکانەوە بچن، چونکە لەلایەکەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنها ٢٤٠ قەرەوێڵەی هەیە بۆ نەخۆشی کۆرۆنا، لەلایەکی تریشەوە تەنها ٥٠ ئامێری هەناسەدان ئامادەیە.

 

بەفراوانبوونی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم و سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خراپی ئابوری و دواکەوتنی مووچەو نەمانی متمانە لەلایەن هاولآتیانەوە بە بەرپرسانی ئیداری و سیاسی هەرێم و هەر ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر جێبەجێکردنی بڕیارو و رێنومایی و ئامۆژگارییەکانی دەزگا تەندروستییەکان بۆ هاولآتیان.  

 



PM:12:39:28/05/2020