سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دۆخی عیراق تاوتوێ‌ دەكەن


سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆك وەزیرانی عیراق دۆخی گشتی وڵات تاوتوێ‌ دەكەن و جەخت لەسەر پێویستی پەلەكردن لە تەواوكردنی پاشماوەی كابینەی حكومەت دەكەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە بڵاوكرایەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد و لە میانی دیداری نێوانیان جەخت لەسەر پێویستی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت و كاندیدكردنی كەسانی بەتوانا و دەستپاك و پشتیوانیكردنی حكومەت لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەركردنی داواكارییە ڕەواكانی هاوونیشتمانیان و چەسپاندنی چاكسازییە داواكراوەكان كرایەوە. 

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە" سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیانكردەوە لەگرنگی پیادەكردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق، ھاوكات دووپاتیان لەپێویستی چارەسەركردنی قەیرانەكان كردەوە كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و گرنگی دانی زیاتر بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەكان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەكان و دابینكردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق".

هەر لەمیانەی دیدارەكەدا وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە" تیشك خرایە سەر قۆناغی ئێستای وڵات كە پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكان و پەیوەستبوونی هەمووان هەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و بەردەوامی سەركەوتنەكان، بەجۆرێك كە ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابین بكات".

PM:04:04:28/05/2020