مەسرور بارزانی پەیامێكی لەبارەی مەترسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە

سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند" بەهۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، داوا لە هاولاتیان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن".

 

بەیانی ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی دەربارەی مەترسی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بڵاوكردەوە و دەڵێت" ئێمە لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاوڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەندبون و بەشێوەیەکی زۆرباش ڕێگە لە بڵاوبونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بوە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی".

 

ئاماژەی بەوەشكرد" بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبونە سستیی تێکەوتوە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سود پێشانبدەن و بەداخەوە ژیانی ھاوڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستوەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردوە و خەڵکیان هاندەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یارییکردن بە ژیانی خەڵک بێنن".

 

لەكۆتایی پەیامەكەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاند" من جارێکی دیکە داوا لە هەمو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە. سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەمو شتێک گرینگترە".




AM:10:48:29/05/2020