مەکتەبی سیاسی لەبری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات

تا ئێستا مەسعود بارزانی دانی بەسەر هاوسەرۆکانی نوێی یەکێتیدا نەناوەو، لە ساڵیادی دامەزرانی ئەو حیزبەدا، مەکتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبای لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات.

لە پەیامێکدا بە بۆنەی دامەزراندنی یەکێتی یەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە" بەبۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین".

هەروەها مەکتەبی سیاسی پارتی لە درێژە پەیامەکەدا دەڵێت " لەکاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە کە وڵاتەکەمان لە ھەلومەرجێکی ناھەموار و ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری خێرادایە، کە ئەمەش وا دەخوازێ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان راپەڕێنن و لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەمان درێغی نەكەن و، هەوڵی جیددی بدرێ بۆ زیاتر پتەوكردنی یەكڕیزیی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسیەكان و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەھێزترکردنی ئەزموون و دۆزی رەوای گەلەکەمان و، بەدیهێنانی ئامانجەكانمان و دابینکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان".

سبەی دوو شەممە ١ی حوزەیران یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، یادی ئەمساڵیان دوای کۆنگرەی ئەو حیزبە دێت کە سەرکردایەتیەکی نوێی هەڵبژاردووەو، سیستەمی سەرکردایەتیەکەشی لە سکرتێری گشتی یەوە گۆڕیوە بۆ سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و، ئەو حیزبە ئێستا لەلایەن کوڕە گەورەی تاڵەبانی بافڵ و ئامۆزاکەی لاهور جەنگیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

 


PM:02:17:31/05/2020