" دەرماڵەی فەرمانبەرانی شایستە نابڕدرێت "

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ڕوونكردنەوە لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدات و ڕایدەگەیەنێت" هەموو فەرمانبەرانی شایستە دڵنیا دەكەینەوە بە هیچ جۆرێك دەرماڵەكانیان نابڕدرێت، بەڵكوو بە جۆرێك دەبێت، دادپەروەری تێدا پەیڕەو دەكرێ".

د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند" ٢٥ جۆر دەرماڵەی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرج دەكرێت، لەسەدا ٥٦ی پارەی مووچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات، هەموو فەرمانبەرانی شایستە دڵنیا دەكەینەوە بە هیچ جۆرێك دەرماڵەكانیان نابڕدرێت و دەستكاری ناكرێت".

 

د.عەبدولحەکیم خەسرۆ وتیشی" دەرماڵەكان ڕێك دەخرێنەوە بە جۆرێك دادپەروەری تێدا بێت، بۆ نموونە دەرماڵەی مەترسی بە كەسێك دەدرێت، كە فیعلەن مەترسی لەسەر بێت، نەوەكوو هەرچی هەیە دەرماڵەی ترسناكی پێ بدرێ، پزیشك هەیە مەترسی لەسەرە، ناكرێت كەسانی دیكه‌ و فەرمانبەرانی دیكه‌ هەمان دەرماڵە وەربگرن و مەترسیشیان لەسەر نەبێت".

 

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دووپاتی كردەوە: ئەو دەرماڵانەی هەن بەپێی یاسا و ڕێنوێنى دەدرێن، بەڵام لە دابەشكردنیدا ناعەدالەتی هەیە، هاوکات لەسەر بابەتی دەرماڵە زێدەڕۆیی زۆر كراوە، خەڵكێك هەندێك دەرماڵە وەردەگرن، كە لە بنەڕەتدا نابێت ئەو دەرماڵانە وەربگرن، چونكە مافی ئەوان نییە".

لە هەرێمی كوردستان لەسەدا ١٦ی مووچە بۆ دەرماڵەی جێگیر خەرج دەكرێ، لەسەدا ٤٠یش بۆ دەرماڵەی ناجێگیر خەرج دەكرێ، لیستی په‌سه‌ندكراوی ده‌رماڵه‌كان ٢٥ جۆره‌ كه‌ چوار جۆریان جێگیره‌ و ٢١ جۆریان ناجێگیره‌.




PM:09:02:31/05/2020