وەزیری تەندروستی هۆشداریی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم دەدات

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت" ئەگەر بێت و خەڵک پابەندنی رێنماییەکان نەبن ژمارەی تووشبووان زۆر لەوە زیاتر دەبێت کە راگەیێندراوە".
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی ڕووداو ڕایگەیاند" بەداخەوە زۆرین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران. کە ١٠١ کەس لە سلێمانی و دوو لە دهۆک و چاوەڕوانیش دەکەین لە هەولێریش چەند تووشبوویەک هەبن".

 

دەشڵێت "ئەوە پێمان دەڵێت کە ڤایرۆسەکە جیدیە و گومان لەوەدانییە کە ژمارەی گەورەتری بەدواوەیە و لەنێو ئەو تووشبووانەش نەخۆشن و نیشانەیان هەیە".
 
لەبارەی هۆکارەکانی زۆربوونی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی دەڵێت" یەکێک لە هۆکارەکان بەرکەوتنە و بەرکەوتنیش لەنێو سەنتەری شارەکان و سەنتەری بازاڕە میلییەکان بەراورد بە مۆڵەکان زیاترە، هەروەها ئێستا ڤایرۆسکە بەربڵاوە و لە شارەکانی عێراقیش زۆر زۆرە. هۆکارێکی دیکەش پابەندنەبوونی هاونیشتمانییانە بە رێنماییە تەندروستییەکان. نەمانی متمانەش گەورەترین مەترسییە لەنێو هاووڵاتیان".
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات" چەند پێشنیازێکمان کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان بکەین بۆ ئەوەی شێوازی نوێ و رێکاری نوێ لەبارەی کۆرۆنا رابگەیێنین". 
 
لەبارەی ئەگەری قەدەخەی هاتووچۆ، د. سامان بەرزنجی وتی" ئێمە بڕیارەکە بۆ لیژنەی باڵای کۆرۆنا جێدەهێڵین و دەزانین کە قەدەخەی هاتووچۆ زۆر قورسە، بەڵام تەندروستی هاووڵاتیانیش لای ئێمە لە پێش هەموو شتێکەوەیە".



PM:10:45:31/05/2020