" لە پێنجوێن ١٢ کارمەندی تەندروستی و پزیشکێک تووشی کۆرۆنا دەبن "

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند" لە شاری پێنجوێن ١٢ کارمەندی تەندروستی و پزیشکێک تووشی کۆرنا بوون".

 

د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کە بەوەفدێکی تەندروستی سلێمانی سەردانی پێنجوێنیان کردووە رایگەیاند" لەو ٥١ کەسەی تووشی کۆرۆنا بوون لە شارەکە، ١٢ کارمەندی تەندروستی و پزیشکێک تووشی پەتاکە بوون".

 

ناوبراو، شاری پێنجوێن بەحوکمی ئەوەی دەروازەیەکی گەورەی سنوریە لەنێوان هەرێم و ئێران، بە دەروازەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانێت بۆ سلێمانی، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان لەهەوڵدان لەو شارەوە بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرن و، ئاشکرای دەکات کە شارەکە دەکەن بە چەند یەکەیەکەوە تا کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە بکەن.

 

شاری پێنجوێن دوای تۆمار کردنی ٥١ تووشبووی نوێ شارەکە بەدۆخێکی ناسروشتیدا تێپەڕدەبێت و هاتوچۆ و لە چەند گەڕەکێکی شارەکە قەدەغەکراوەو، چەند شوێنێکی گشتی داخراون، لە نێویشیاندا سێ مزگەوت.

 

لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناو بڵاوبوونەوەی لە ئێران، خەڵکی پێنجوێن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوای داخستنی دەروازەی باشماخ یان کرد بە ڕووی ئێراندا، بەلآم لەبەر خراپی دۆخی ئابوری و کاریگەری ئەو دەروازەیە لەسەر داهاتی هەرێم، دانەخرا.

 



AM:10:51:01/06/2020